پێشمەرگە لە بناری چیای قەرەچوغ ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنی ئەنجامدا

پێشمەرگە لە بناری چیای قەرەچوغ ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنی ئەنجامدا
پێشمەرگە لە بناری چیای قەرەچوغ ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنی ئەنجامدا

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی پێشمەرگە رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنیانەی کە پاشماوەی گروپە تیرۆرستیەکانی داعش لەسەر ناوچەکە و خەڵکی سڤیل دروستیانکردوە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنی لەو ناوچانە ئەنجامدا، کە گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستانی لێ دەکرا.

له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 4ـی ئادار / مارسی 2023)،  لیوای 14ـی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەهاوکاری و پاڵپشتی  بەشی سەگەوانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ناسراو بە (K9)، لەبناری چیای قەرەچوغ  ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا هاتووه‌: لەو ئۆپراسیۆنەدا، لیوای 14ـی پیادە، کێوماڵی گوندەکانی (گاوار و خدرجیجە) تاکو شەقامی مەخمووریان لە بناری چیای قەرەچوغ کرد.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دووپاتیشیكرده‌وه‌،  ئامانجی ئەو ئۆپراسیۆنە، لە ناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستان بوو، هاوکات بەرقرارکردن و سەقامگیرکردنی ئەمنیەت و ئاسایشی زیاتری ئەو ناوچانە بوو کە گومانی هەبوونی پاشماوەی چەکدارانی داعشی لێدەکرا.