گۆڕانكاری له‌ دوگمەکانی ئایفۆن 15 ده‌كرێت و شێوەکەی ببینە

K24 - هەولێر:

دوگمەی ڤۆڵیۆمی زۆر و کەم نامێنێت، دەبێتە یەک دوگمە بە داگرتنی بۆ سەرەوە یان خوارەوە رێژەی دەنگ بەرز و نزم دەکات، شارەزایان پێیان وایە ئەمە هەنگاوێکی دیکەی ئەپڵە بۆ نەهێشتنی هیچ دوگمەیەک لەسەر ئایفۆنەکانی داهاتوو.

وێبسایەتی 9to5Mac لە نوێترین راپۆرتی خۆیان ئاماژە بە هەندێک گۆڕانکاری نوێ لە ئایفۆنی ئەمساڵ دەکەن، ئەو وێبسایتە رایگەیاند، بەپێی سەرچاوەکانیان لە کارگەکانی ئەپڵ لە چین، ئەمساڵ ئەپڵ دەستکاری دوگمەکانی ڤۆڵیۆم و دوگمەی Silentـی ئایفۆن دەکات.

بەپێی ئەو راپۆرتە بێت، ئەپڵ هاوشێوەی ئایفۆن و ئایپادە کۆنەکانی هەمان دوگمە دەگەڕێنێتەوە، کەوا دوگمەی سەرەوە و خوارەوەی ڤۆڵیۆم یەک دوگمە بوون، وە دوگمەی بێ دەنگی بەشێوەیەکی بچووکتر بوو، بازنەیی بوو نەک لاکێشەیی وەکو ئێستا.

لە چەند هەفتەی رابردوو هەر ئەو وێبسایتە لەرێگەی سەرچاوەکانی لە کارگەیەکی ئەپڵ لە چین یەکەم وێنەی پێشبینی کراوی ئایفۆن 15 پڕۆی ئاشکرا کرد کە پێدەچێت قەبارە و پانتایی هاوێنەی کامێراکانی دواوەی ئایفۆنە پڕۆیەکان گەورەتر و فراونتر بێت و زیاتر بێنە دەرەوە.

شێوەی پێشبینیکراوی iPhone 15 Pro
شێوەی پێشبینیکراوی iPhone 15 Pro

پێشبینی دەکرێت وەکو ساڵانی رابردوو لە مانگی نۆ یان 10ـەی ئەمساڵ ئایفۆنی نوێ لەرێگەی کۆنفرانسێکی تایبەتی ئەپڵ ئاشکرا بکرێن و بڵاوبکرێنەوە.