ئۆکڕنیا داوای قه‌ده‌غه‌كردنی یارییه‌كی ئه‌لیكترۆنی ده‌كات

K24 - هەولێر:

دووەم جارە حکومەتی ئۆکڕانیا داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات یاری Atomic Heart قەدەغەبکرێت چونکە پێیان وایە پروپاگەندەیەی رووسیایە بۆ یەکێتی سۆڤیەت و شیرینکردنی رووسیا لە بەرچاوی گەنجانی جیهان.

ماوەی چەند هەفتەیەکە یاری Atomic Heart لەسەر پلەیستەیشن و ئێکسبۆکس و کۆمپیوتەر بڵاوکراوەتەوە، یارییەکی ئەكشن و سەرکێشییە وە چیڕۆکەکەی باسی زەمەنێکی خەیاڵی دەکات کاتێک یەکێتی سۆڤیەت لە جەنگی جیهانی دووەم براوەیە و لە ساڵانی 1950ـەکان حوکمی جیهان دەکەن، بەڵام ئەو رۆبۆتانەی دروستیان کردووە ژیری دەستکردیان بۆ دروستدەبێت و دەبێتە جەنگی نێوان رۆبۆت و مرۆڤەکان.

یارییەکە بە ئاڵا و زمان و ستایلی رووسی بەتایبەتیش سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت داپۆشراوە، بەڵام گەر یارییەکە بکەیت ئەو یارییە دژایەتی یەکێتی سۆڤیەت و ئەجێنداکەی دەکات لەوەی پروپاگەندەی بۆ بکات، بەڵام پێدەچێت حکومەتی ئۆکڕانیا ئەو یارییەیان نەکردبێت تەنیا دیمەنەکانیان بینیوە.

هەفتەی رابردوو ئۆکڕانیا داوای لە FTCـی ئەمەریکی کرد کە یارییەکە قەدەغەبکەن، FTC دامەزراوەیەکی قازانج نەویستی ئەمەریکییە رێگا بە یاری و فیلم و زنجیرەکان دەدەن بڵاوبکرێنەوە یان بڵاونەکرێنەوە وە تەمەنی بەرهەمە تەرفیهییەکان دیار دەکەن کە چ تەمەنێک سەیری بکەن یان نا، پۆزشی حکومەتی ئۆکڕانیا ئەوەیە ئەو یارییە پروپاگەندە بۆ رووسیا و یەکێتی سۆڤیەت دەکات، بەڵام گەر یارییەکە بکەیت پێ ناچێت پروپاگەندە بێت، چیڕۆکی یارییەکە خۆی لەسەر ئەوەیە کە یەکێتی سۆڤیەت خراپەکارن و رۆبۆتێکیان دروستکردووە حوکمی جیهانی پێ بکەن بەڵام رۆبۆتەکە لەوان باشترە و هەوڵی لەناوبردنی حکومەتەکەیان دەدات.

تاوەکو ئێستا نە ئەوروپا، نە ئەمەریکا وەڵامی داخوازییەکەی حکومەتی ئۆکڕانیایان نەداوەتەوە، روسیاش لەسەر ئەو یارییە بێدەنگە کە زۆرینەی کات روسیا ئەو یارییانە قەدەغەدەکات کە بە خراپە باسی ئەو وڵاتە یان رابردووەکەی بکات، بەتایبەتیش یارییەکانی Call of Duty بەوە بەناوبانگن لە رووسیا قەدەغەدەکرێن بەهۆی ئەوەی روسەکان بە خراپەکاری جەنگ لەو یارییە باس دەکرێن.

یاری Atomic Heart ئێستا لەسەر پلەیستەیشنەکان و ئێکسبۆکسەکان وە کۆمپیوتەری PC بەردەستە