فەرمانگەی میدیا و زانیاری: هه‌ژماری من دابه‌شكردنی مووچه‌ ئاسانتر ده‌كات

پرۆژه‌ی هه‌ژماری من
پرۆژه‌ی هه‌ژماری من

K24 – هه‌ولێر:

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پرۆژه‌ی هه‌ژماری منه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، شێوازی پێدانی مووچە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، خزمەتگوزاریی پارەدانی دیجیتاڵی و هەژماری من، هەنگاوێکی نوێی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری روونیكردووه‌ته‌وه‌، دەستپێشخەری هەژماری من، کە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاندرا، کۆمەڵێک سوودی بۆ هاووڵاتییان و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت، له‌ سوودەکانی بۆ هاووڵاتییان، ئاسانکاری و سەلامەتی هەژمارەکان، پێدانی مووچە بەشێوەیەکی رێکوپێک و لەکاتی خۆیدا بەبێ نۆرەگرتن، کەمکردنەوەی مەترسیی دزینی مووچە و پاشەکەوت.

هه‌روه‌ها سوودی پرۆژه‌ی هه‌ژماری من بۆ بەرهەمە داراییەکان، دروستکردنی داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکارا لە پاشەکەوتدا، کڕینی کاڵا یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لە رێی قەرزی ئاسانەوە، باشتربوونی رۆشنبیری دارایی.

 فەرمانگەی میدیا و زانیاری سووده‌كانی پرۆژه‌ی هه‌ژماری من له‌ بواری پارەدانی دیجیتاڵی روونكردووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌، پارەدان بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلایینەکان بە بەکارهێنانی کارتی بانکی، توانای حەواڵە لەنێوان هەژمارە جیاوازەکان لە رێی کارتی مۆبایل/ ئینتەرنێت، وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکەیت.

سه‌باره‌ت ئابووریی هەرێمی کوردستانیشه‌وه‌، پرۆژه‌ی هه‌ژماری من ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی، بەهۆی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە کەرتی بانکییدا، زیادبوونی خەرجیی بەکاربەران بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی، رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی بانکی، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی کاش، زیادکردنی کارایی حکومەت و شەفافییەت، سەرهەڵدانی پارەدانی دیجیتاڵی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی بڵاوكراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریدا هاتووه‌، "ئەم هەنگاوانەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە کە زۆرینەی کاروبارەکانی حکومەت بکرێنە ئەلیکترۆنی و رۆتینی دامودەزگاکان کەمبکرێنەوە، ئەمەش لەپێناو کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان".

رۆژی سێشه‌ممه‌ (28ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ستپێكردنی دەستپێشخەریی هەژماری من راگه‌یاند کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان.