كونسوڵی گشتی هۆڵه‌ندا بۆ كوردستان24: هەرێمی کوردستان ده‌توانێت لە بواری کشتوکاڵدا زۆر بەرەوپێشه‌وه بچێت
K24 – هه‌ولێر:
کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان جه‌خت له‌سه‌ر توانای هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه له بواری كشتوكاڵدا و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت لە بواری کشتوکاڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو پێشەوە بچێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (5ـی ئادار/مارسی 2023)، یاکۆ بێرێندز، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان لە توانایدا هەیە لە بواری کشتوکاڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو پێشەوە بچێت، هه‌روه‌ها جەختیشیکردەوە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت لە هه‌رێمی کوردستان کاریانکردووە بۆ ئەوەی چەند پڕۆژە و کارگەیەکی تایبەت بکەنەوە.
کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان گوتی، "هەرێمی کوردستان لە توانایدا هەیە لە بواری کشتوکاڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو پێشەوە بچێت، چەند پرۆژەیەکی زۆرباشی هەن، کە سەرکەوتوون و دەکرێت زۆر زیاتریش بکرێن"
هه‌روه‌ها یاکۆ بێرێندز ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وڵاته‌كه‌ی لە سێکتەری کشتوکاڵدا هەوڵیداوە له چەند ئاستێک‌دا له هه‌رێمی كوردستاندا کاربکەن به‌تایبه‌تی له سێکتەره‌كانی تایبەت و وەبەرهێنەرەکاندا. روونیكرده‌وه، "چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان لێرە ئەم پرۆژەیەمان کردووە. ئێمە تەنیا پارەکەمان بۆ وەبەرهێنەرەکان دابیننەکرد، بەڵکو کەسانی شارەزاشمان هێنا بۆ ئەوەی هاوکاربن".
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كونسوڵی گشتی هۆڵه‌ندا له هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌كرد، "بێگومان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کارمانکردووە و پێویستیمان بە هەماهەنگی و پاڵپشتی حکومەت هەیە بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاساکان کاربکەین".