ئایا قووتدانی بنێشت زیانی هەیە؟

بنێشت
بنێشت

K24 - هەولێر:

بەردەوام لەگەڵ گەورەبووندا گوێمان لەوە بووە کە قووتدانی بنێشت زیانی هەیە، بەهۆی ئەوەی کە گوایە لە گەدەماندا هەرس نابێت و "بۆ ماوەیەی زیاتر لە ساڵێک" دەمێنێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی "THE Sun"، بانگەشەی ئەوەی کە بنێشت لەنێو گەدەدا بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەمێنێتەوە، دوورە لە راستییەوەوە.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کە بنێشتیش وەک هەر خۆراکێکی دیکە لە جەستەدا هەرس دەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە وەک خۆراکەکانی دیکە قووت بدرێت.

دکتۆر سارا مێسیلهی، پزیشکی پسپۆڕی گەدە و ریخۆڵە روونیکردەوە، کە زیاد لە چەند جارێک قووتدانی بنێشت زیانی هەیە و لە هەندێک حاڵەتدا رەنگە کەسەکە پێویست بکات بچێتە نەخۆشخانە.

ئەو پزیشکە دەڵێت، "کاتێک بنێشت قووت دەدەیت، وەک خۆراکێکی دیکە دەچێتە گەدەوە، بەڵام لەبەرئەوەی گەدە بەجۆرێک دروست نەبووە، کە بتوانێت پێکهاتەی بنێشتەکە شی بکاتەوە، هەرسکردنەکەی کاتێکی زیاتری پێدەچێت.

ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد، هەرچەندە هەرسکردنی بنێشت لە گەدەدا کاتێکی زیاتری پێدەچێت بەراورد بە خۆراکەکانی دیکە، بەڵام مانەوەی بنێشت لە گەدەدە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، دوورە لە راستییەوە.

قووتدانی بڕێکی زۆر لە بنێشت یان قووتدانی چەند پارچەیەکی بچووکی بنێشت لە ماوەی کورتدا دەبێتە هۆی گیرانی نێو کۆئەندامی هەرس.

ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پێكهاتەی بنێشت دەتوانێت تۆپەڵ ببێت و بارستەیەک دروست بکات کە کۆئەندامی هەرس دەگرێت، کە دواتر دەبێتە هۆی رشانەوە، گێژبوون و ئازاری سک.