ئیلۆن مەسک لە نووسینگەی سەرەکی تویتەر پاسەوانی تایبەتی هەیە و متمانەی بە کارمەندەکانی نەماوە

ئیلۆن مەسک و پاسەوانەکانی
ئیلۆن مەسک و پاسەوانەکانی

K24 - هەولێر:

ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر، لە نووسینگەی سەرەکی تویتەر لانیکەم دوو پاسەوانی هەیە و بۆ هەموو شوێنێک لەگەڵی دەڕۆن.

ئەندازیارێکی تویتەر کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە BBC راگەیاند، ئیلۆن مەسک لە نووسینگەی سەرەکی تویتەر لانیکەم دوو پاسەوانی هەیە و تەنانەت بۆ تەوالیتیش لەگەڵی دەڕۆن.

ئەو ئەندازیارە گوتیشی "پاسەوانەکان باڵا بەرز و چوارشانەن وەک بڵێی لە فیلمەکانی هۆڵیودەوە هاتوون".

ئەندازیارەکەی تویتەر باسی لەوەکرد، پاسەوانەکان لە نووسینگەی سەرەکی تویتەر لە سان فراسنیسکۆ هاودەمی مەسک دەکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ بێ متمانەیی ئیلۆن مەسک بە کارمەندەکانی لە تویتەر.

ئێرۆل، باوکی ماسک لە کانوونی دووەمی 2023 رایگەیاندبوو، ترسی لە سەلامەتی کوڕەکەی هەیە.

ئیرۆل گوتی: مەسک سیستەمی ئاسایشی ماڵەکەی لە ئەفریقای باشوور نوێکردووەتەوە و پاسەوانی چەکداری 24 کاتژمێری و کامێرای چاودێری و سیاجی کارەبایی بۆ زیادکردووە.

ئیلۆن مەسک لە سەرەتای کڕینی تویتەرەوە تا ئێستا، کۆتایی بە زۆرینەی گرێبەستی کارمەندەکان هێناوە، بەجۆرێک ژمارەی کارمەندەکانی تویتەر لە 7500 کەمبووەتەوە بۆ 2000 کارمەند.

سەرمایەدار و بازرگانان هەندێکجار بۆ پاراستنی سەر و ماڵ و سامانی خۆیان پەنا بۆ پاسەوانی تایبەتی و کۆمپانیای سکیوریتی دەبەن و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکەن، یەکێک لەوانەش مارک زوکربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتایە کە بودجەی ئاسایشی کەسی بۆ ئەمساڵ نزیکەی 14 ملیۆن دۆلارە.