قازانجی کۆمپانیایەکی ئیماراتی لە ئەلمنیۆم لە ساڵێکدا دوو ملیار دۆلار بووە

کۆمپانیای ئەلمنیۆمی جیهانی ئیمارات EGA
کۆمپانیای ئەلمنیۆمی جیهانی ئیمارات EGA

K24 - هەولێر:

کۆمپانیای ئەلمنیۆمی جیهانی ئیمارات EGA کە بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ئەلەمنیۆم دادەنرێت لە جیهاندا، ئاشکرایکرد، کە قازانجی ساڵی رابردوو دوو ملیار دۆلار بووە.

بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیا ئیماراتییەکە، لە 2022 قازانجی ساڵانەی بە رێژەی 34% زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.

کۆمپانیا ئیماراتییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تێکڕای نرخی کانزاکانی لە بۆرسەی کانزاکانی لەندەن دوو هەزار و 715 دۆلارە بۆ هەر تۆنێک.

ساڵێک لەمەوبەر نرخی کانزای ئەلەمنیۆم لە بۆرسەی کانزاکانی لەندەن بۆ بەرزترین ئاست بەرز بووە، کە لەوکاتەدا نرخی یەک تۆن ئەلمنیۆم گەیشتە 3985 دۆلار.

عەبدولناسر بن کەلبان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا ئیماراتییەکە رایگەیاند، داهاتووی ئەلەمنیۆم بەهۆی پەیوەندی پیشەسازی ئەلەمنیۆم لەگەڵ بوژانەوەی ئابووری جیهانی هێشتا هەندێک فشاری لەسەرە.