زیلێنسکی بەڵێنی دۆزینەوەی بکوژانی ئەم سەربازە ئۆکرانیەی داوە

.
.

K24 - هەولێر:

ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی کوژرانی سەربازێکی ئۆکرانی کە دیلی دەستی هێزە رووسییەکان بووە، گوتی: بکوژەکان دەدۆزینەوە.

دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا داوای کرد دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوەی بەپەلە ئەنجام بدات.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، سەربازێکی بێ چەکی ئۆکرانی دەردەکەوێت، کە جگەرە دەکێشێت و دوای ئەوەی دەڵێت "شکۆمەندی بۆ ئۆکرانیا" راستەوخۆ تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت.

زیلێنسکی سەبارەت بە کوژرانی ئەو سەربازە رایگەیاند، "هێزە داگیرکەرەکان جەنگاوەرێکیان کوشت کە بوێرانە بەڕووی ئەواندا گوتی شکۆمەندی بۆ ئۆکرانیا".

سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی: دەمەوێت هەموومان پێکەوە، بە یەکگرتوویی وەڵامی قسەکانی بدەینەوە، 'شکۆی بۆ پاڵەوانەکە! شکۆمەندی بۆ پاڵەوانەکان! شکۆمەندی بۆ ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاش لەلای خۆیەوە رایگەیاند، ئەمە بەڵگەیەکی دیکەی جینۆسایدە و داوای لە کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان، داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەو رووداوە بکات.

بۆ بینینی ڤیدیۆکە کیلک لەم دێڕە بکە و جۆینی چەناڵی تیلیگرامی کوردستان24 ببە.