وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق: ئه‌ڵمانیا رۆڵی كاریگه‌ری له تێكشكاندنی داعش هه‌بوو
K24 - هەولێر:
فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی ئانالینا بێیربووك له به‌غدا كۆبوونه‌وه، له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، سوپاسی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ین، بۆ به جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی داعش دژ به ئێزدییه‌كان.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئه‌ڵمانیا رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بوو بۆ تێكشكاندنی چه‌كدارانی داعش.
فوئاد حوسێن گوتی: "كۆمپانیاكانی ئه‌ڵمانیا له عێراق رۆڵێكی مێژوویی ده‌گێڕن".
دووپاتیكرده‌وه، عێراق كار بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌ڵمانیا بۆ عێراق ده‌كات.
فوئاد حوسێن هه‌روه‌ها گوتیشی: "نیگه‌رانییه‌كانی عێراقمان له‌باره‌ی جه‌نگی ئۆكرانیا گه‌یاندووه‌ته ئه‌ڵمانیا، داوامانكردووه ئه‌و شه‌ڕه به زووترین كات كۆتایی پێبهێنرێت".
دوێنێ ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئانالینا بێیربووك، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه كۆده‌بێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بابه‌ته‌كانی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان به‌غدا و به‌رلین و زه‌مینه‌سازی بۆ ده‌رفه‌تی هاوبه‌ش له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به تایبه‌تیش له بواری وزه و وه‌به‌رهێنانی، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق تاووتوێ ده‌كات.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئانالینا بێیربووك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، پێویسته وڵاتان به‌ته‌واوی رێز له سه‌روه‌ری عێراق بگرن، هه‌روه‌ك چۆن ده‌مانه‌وێت رێز له سه‌روه‌ری ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپا بگیرێت.
له‌باره‌ی ئێرانه‌وه بێیربووك گوتی: "حكومه‌تی ئێران گه‌له‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه سه‌ركوت ده‌كات و له هێرشه مووشه‌كییه‌كانیشی به‌رده‌وامه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، روون و ئاشكرایه كه ئێران ژیانی مرۆڤایه‌تیی و سه‌قامگیری له ته‌واوی ناوچه‌كه رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌كاته‌وه، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له هێز و هه‌ژموونی خۆی بكات، ئه‌مه كارێكی ره‌تكراوه‌یه و مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه هه‌یه، هه‌ربۆیه زۆر گرنگه و ده‌مه‌وێت له هه‌موو كه‌شت و سه‌ردانه‌كانم جه‌خت له‌وه بكه‌مه‌وه، ئێمه جاڕنامه‌یه‌كی هاوبه‌شمان له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌یه، ته‌واوی ئه‌و ره‌فتارانه‌ی ئێران ره‌ت ده‌كاته‌وه و پشت به بنه‌مای رێزگرتنی نێوان وڵاتانی دراوسێ له سه‌روه‌ری خاكی یه‌كتر ده‌به‌ستێت.