لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە

Kurd24

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ڕۆژنامەنوس بەشدار بووین لە بەرنامەی لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە، کە بیرۆکێکی کاک (ئەحمەد زاویتەیی) بەرنامەیەکی بەهێزە، بە میوانداری هەردوو بەڕێز کاک (هوشیار زێباری) و کاک (مەلا بەختیار) لەسەر دوو تەوەری گرنگ وەستابوون:

یەکەمیان: لە دروستبوونی عێراقەوە، چۆن حکومەتەکان مامەڵەیان لەگەڵ کوردا کردووە؟

لە (1963) تا (2003) بە قۆناغى لەناوبردنى گەلى کورد و سڕینەوەى مێژووەکەی و زەوتکردنى یەکجارەکى خاکەکەى دادەنرێت. بەدرێژایی هەشتا ساڵ لە واقیعى زۆرەملێی پێکەوەژیان، پەیوەندى کورد و دەسەڵاتدارانى عێراق لەنێوان شۆڕش لە پێناوى بەدیهێنانى مافە نەتەوایەتییەکان و درێژکردنى دەستى نیازپاکى بۆ بنیاتنانى عێراقێکى شایستە بە ژیانێکى ئازاد و دادپەروەرانە بۆ هەمووان لە هەڵکشان و داکشاندا بووە. حزبى بەعس و (سەدام حوسێن) دوو دیاردەن لە مێژووى نوێى عێراقدا، کە بۆ قسەکردن لەسەریان پێویست بە سەدان و هەزاران لێکۆڵینەوە و توێژنەوە و لێکدانەوە ئەکات، چ لەسەر ئاستى هەوڵى تاکەکەسى یاخود لەسەر ئاستى دەزگا و دامەزراوەى تایبەتمەند. لە هەر هەوڵێکى وەهادا جێ پەنجەى کورد پێویستە دیاربێت، بەوپێیەى کەس بەئەندازەى کورد قوربانى دەستى ئەو ڕژێمە و سەرکردەکەى نەبووە، بەهەمان شێوە لە شیکردنەوەو  دەرخستنى حەقیقەتى ئەو حزبە و شیکردنەوەى کەسایەتى (سەدام) زۆر لایەنى تاریک و شاراوە دەردەکەون، کە قەبارە و ڕەهەندى ڕاستەقینەى سیاسەتى نامرۆڤانەى ئەو رژێمە دەرهەق بە کورد ئاشکرادەکەن و خزمەت بە دۆزە ڕەواکەى دەکەن.

دوومیان: لە (٣٢) ساڵی حوکمڕانی خۆیدا کورد، چیکردووەو چۆن بتوانێت ئەو قەوارەیە بپارێزیت یان چی بکەین بۆ مانەوە؟

سەرەڕایی ئەوەی کورد ئێستا قەوارە و حکومەتی خۆی هەیە، بەڵام مەترسییەکان زۆرترن لەسەر هەرێمی کوردستان، هەردوو میوان دەستیان خستە سەر کیشەکان، کە تەبایی ناو ماڵی کوردی دەبێتە هۆی پاراستنی هەرێم، پیچەوانەی ئەوە ئایندەمان نادیار دەکات.

هەردوو ئەم خاڵانە سەرەوە و بوونی بەرنامەکەی مامۆستا ئەحمەد زاویتەیی گرنگن لە ئێستادا، کە کورد لە هەردوو سەردەمدا چی فێر بووە؟ گرنگە ئەم بابەتانە بەردەوام لە ڕاگەیاندنەوە باس بکرێن، هەنگاوێکی گرنگە وەستان لەسەر کێشەکانمان و فێربوون لە مێژووی خۆمان کاتیەتی، کورد بەرەو  یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی، بەرەو ستراتیجێکی یەکگرتوو هەنگاوی جدی بنیت، کە زۆر پێویستە بۆ بەرەنگار بوونەوەی نەخشەو پلانی دوژمن و داگیرکەران.