نێچیرڤان بارزانی و فائق زێدان تاووتوێی گرنگی رۆڵی دادوەری و دادگاكانییان له‌ عێراق كرد

K24 - هەولێر:

له ‌هه‌ولێر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، كۆبوونه‌وه‌ و گرنگیی رۆڵی دادوەری و دادگاكان لەسەر سەقامگیریی و كاریگەرییەكانی لەسەر هەموو كایەكانی ژیان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 8ـی ئادار / مارسی 2023)، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە فائق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق كرد و لە دیدارێكدا گرنگیی رۆڵی دادوەری و دادگاكان لەسەر سەقامگیریی وڵات و كاریگەرییەكانی لەسەر هەموو كایەكانی ژیان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

هەروەها لەسەر گرنگیی جێبەجێكردنی پرۆگرامی كابینەی حكوومەتی فیدراڵی هاوڕابوون، كە رێككەوتنی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی لەسەرە.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری كرد بۆ رۆڵ و ئەركیان لە كاری پێكەوەیی و كۆشش بۆ دڵنیاییدان كە دەبێت دادگاكان جێگەی دڵنیایی بن بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و پێكهاتەكانی عێراق.

لە بەرامبەردا سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، سوپاسی رۆڵ و پێگەی نێچیرڤان بارزانی كرد لە پێكەوەژیان و قووڵكردنەوەی گیانی پێكەوەیی لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی.