پۆلیسی بەردەڕەش: هاووڵاتیەک دوای دەرزیلێدان گیانی لەدەستدا

قەزای بەردەڕەش
قەزای بەردەڕەش

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ هاووڵاتییەک لە قەزای بەردەڕەش دوای ئەوەی تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت، دەچێتە یەکێک لە نۆرینگەکانی قەزاکە و دەرزییەکی لێدەدرێت، دوای دەرزیلێدان تەندروستی تێکدەچێت و گیان لەدەست دەدات. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە ناوی (ئیسماعیل محەمەد ئەمین)ـەو تەمەنی 67 ساڵە.

نەشوان بەرزنجی، گوتەبێژی تەندروستی بەردەرەش لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، کە ئەم حاڵەتە لەنێو نۆرینگەیێکی دەرەوەی نەخۆشخانە حکومیەکاندا درووستبووە، گوتیشی "هێشتا دیارنیە کە هۆکاری سەرەکی مردنی دەرزیە یان شتێکی دیکەیە و ئەم حاڵەتە لە دوای بڕیاری پزیشکی دادی دهوک یەکلادەبێتەوە.

عەمید سەعید ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە دەرزی لەو هاونیشتمانیە داوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش، ئەو هاونیشتمانییەی کە مردووە دەرزییەکی لە جۆری "ئەمۆکسیلین" لەگەڵ خۆی بردووە و چووەتە نۆرینگەکە و لای پەرستارێک و داوای کردووە ئەو دەرزییەی بۆ لێ بدەن، دواتر بەوهۆیەوە تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.

دوای گیان لەدەستدانی ئەو هاونشتیمانیە، تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی دهۆک و دواتر دەگەرێندرێتەوە بەردەرەش و لە گوندی (خرابەواشە) بەخاک دەسپێردرێت.