نرخی ئامێره‌كانی مۆبایل به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌رزبووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە، بەهای هەموو کەلوپەلەکان بەرز دەبێتەوە. یەک لەوانە ئامێری مۆبایلە و لە ماوەی رابردوودا بە رێژەیەکی بەرچاو گران بووە.

هه‌روه‌ها حکومەتی ئێران بڕیاریداوە بۆ ساڵی داهاتوو باجی گومرک لەسەر هاندی مۆبایل زیاد بکات و ئەمەش گرانبوونی زیاتری ئەم ئامێرەی لێ دەکەوێتەوە.

دابەزینی رۆژ لەدوای رۆژی بەهای تمه‌ن لە بەرانبەر دۆلاردا، گران بوونی هەموو پێدوایستییەکانی ژیانی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت ئەو کەلوپەلانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن لەنێویشیاندا مۆبایل.

لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی بەهای دۆلار، نرخی مۆبایلیش بەرز دەبێتەوە، تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا نرخی ئامێرێكی ئایفۆن 13ـی پرۆماکس 20 ملیۆن تمەن گران بوو و گەیشتە 120 ملیۆن تمەن.

پێشتر حکوومەتی ئێران بۆ هاوردەکردنی مۆبایل، دۆلاری بە بەهایەکی هەرزان دەدا بە بازرگانانی ئەم بوارە، بەڵام لە پاش دەستبەکاربوونی کابینەی رەئییسییەوە ئەم دۆلارە هەرزانەش بڕدرا. جیا لەوەش تاران لە پرۆژەی بودجەی ساڵی داهاتوودا کە لە پاش نەورۆزەوە جێبەجێدەکرێت، گومرکی لەسەر ئامێری ئەو مۆبایلانەی لە 600 دۆلار گرانتربن، زیادکردووە ئەمەش بە مانای گران بوونی زیاتری ئامێره‌كانی مۆبایل دێت.

لە چەند ساڵی رابردوودا و بەتایبەت پاش سەرهەڵدانی کۆڕۆنا، خوێندنی قوتابییان بۆ ماوەیەک کرایە ئۆنلاین و ئامێری مۆبایل بوو بە سەرەکیترین ئامرازی بەردەوامبوونی قوتابیان لە خوێندن. كه‌چی دوای رەوینەوەی مەترسییەکانی کۆڕۆناش، بەشێکی زۆر لە پرۆگرامەکانی یاریدەدەری قوتابیان بۆ خوێندن تەنیا لە رێگای ئینتەرنێتەوە لەبەردەستن.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئامێره‌كانی مۆبایلی زیره‌ك، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە رێژەی هەژاری تێدا بەرزترە له‌چاو ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران، بووەتە هۆی وازهێنانی هەزاران قوتابی لە خوێندن.