دوو گه‌نجی نابیست له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌ی بچووكه‌وه‌ بژێوی خێزانه‌كه‌یان دابینده‌كه‌ن

"گه‌نجان بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی روو له‌ پرۆژه‌ی بچووك ده‌كه‌ن"
شنۆ عه‌زیز و بۆكان عه‌زیز
شنۆ عه‌زیز و بۆكان عه‌زیز

K24 - بیلال سەعید:

ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان روویان له‌ گرنگیدان به‌ كاری ده‌ستی و به‌ڕێوه‌بردنی پرۆژه‌ی خۆیان كردووه‌، به‌ ئامانجی دابینكردنی بژێوی خۆیان و به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند رێكخراوێكی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵی پشتگیریكردنیان ده‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ی به‌بازاڕكردن و ناساندنی به‌رهه‌مه‌كانیان.

شنۆ عەزیز، نابیستە، تەمەنی 38 ساڵە و لەساڵی 2004ـەوە مامۆستایە لە په‌یمانگه‌ی ھیوای نابیستان. بەڵام قەیرانی دارایی، شەڕی داعش، تێکچوونی پەیوەندییە سیاسی و داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ساڵی 2014 بەدواوە خەمێکی دیکەی بۆ شنۆ زیادکردووه‌ و ئەو مووچەی کە وەریدەگرت بوو بە نیوە، بەڵام ئەو نەوەستا و پرۆژەیەکی "کاری دەستی" تایبەتی لەماڵەکەی خۆیان دەستپێکرد.

شنۆ ئێستا بەتەنیا نییە، بۆکانی خوشکی کەتەمەنی 23 ساڵە، بەھۆی ئەوەی ئاستی بیستنی کەمە و  توانای دەربڕینی لاوازە لە قوتابخانە لە پۆلی نۆیەم دەستبەرداری خوێندن دەبێت و سێ ساڵ پێش ئێستا دەبێتە ھاوڕاز و یارمەتیدەری بزنسە بچووکەکەی خیزانەکەیان و  پێکەوە رۆژانە کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

بۆکان عەزیز، توانای دەربرینی لاوازە بەڵام بە زمانی هێما کە شیرازی خوشکی بۆ ئێمەی روونیدەکردەوە ده‌ڵێت، "كاره‌كانی ئێمە قورسە و رۆژانە بۆ چەند کاتژمێرێک کاردەکەین، بەھۆی جۆری كاره‌كه‌مانه‌وه‌ زۆرجار دەستمان بریندار دەبێت، بەڵام دڵخۆشم کە خەڵک ئیشەکانی ئێمەی زۆر بەدڵە و بووینەتە سەرچاوەی دابینکردنی داھات بۆ خۆمان و خیزانەکەمان، تەنانەت ھەیە سەیری ئێمەی کردووە دەستی بەکاری خۆی کردووە".

كاتی نمایشكردنی به‌رهه‌می كاره‌ ده‌ستییه‌كانی شنۆ و بۆكان
كاتی نمایشكردنی به‌رهه‌می كاره‌ ده‌ستییه‌كانی شنۆ و بۆكان

شنۆ و بۆکان رۆژانە لەچەندین کاتی جیاواز بەرھەمی جیاوازی دەستی دروستدەکەن کە پێکھاتووە لە (ئیکسسواراتی جلوبەرگی کوردی، دەستبەن، گوارە، پشتدێن، کۆڵەوانە و چەندین جۆری دیکەی کاری دەستی).

ئه‌و دوو خوشكه‌ بە کوردستان24ـیان راگەیاند، رۆژانە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک و سناپچات) بەرھەمەکانیان دەفرۆشن و  بەشداری چەندین پێشانگه‌ی جیاوازیان کردووە.

هه‌روه‌ها چەند ریکخراوێكی ناوخۆیی و نیودەوڵەتی بە بەردەوامی لەڕێگەی کردنەوەی پێشانگه‌ی جیاواز لە مۆڵ و شوێنە گشتییەکان، دەرگا بۆ پیشاندانی پرۆژە و کارە دەستییەکانی گەنجان دەرەخسێنن و جگەلەوەی ئێستا پلاتفۆرم و ئەپلیکەیشنی تایبەت بە خستنەڕووی کاری دەستی دروستکراوە.

شنۆ و بۆکان، دوو خوشكن پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن
شنۆ و بۆکان، دوو خوشكن پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن

یه‌كێك له‌وانه‌، ئه‌پڵیکەیشن و پلاتفۆڕمی(iraqhandmade)ـه‌، لەلایەن دەزگای روانگە دامەزراوە بۆ پشتگیریکردنی لاوانی خاوەن "کاری دەستی". پرۆژەکە بازاڕێکی ئۆنلاینە جۆرەھا بەرھەمی دەستی کۆكردووه‌ته‌وه‌ لە یەک پلاتفۆڕمدا، کە بە دەستی لاوانی خاوەن بڕاندی کاری دەستی لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان دروستکراون.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ئاری رەسول، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای روانگە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پلاتفۆڕم و ئه‌پڵیکەیشنەکە لە ئێستادا 35 براندی کاری دەستی لەخۆدەگرێت و ھەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردن لە ماڵەوە و لەڕێگەی ئۆنڵاین و باشترکردنی ئاستی ئابووری نێوخۆیی".

به‌گوێره‌ی شیکاری ئەنجامی راپرسی له‌باره‌ی یاسا سندووقی پشتیوانی پرۆژە بچووکەکانی گەنجان، ژمارە 2ـی ساڵی 2011، کە لەلایەن رێکخراوی (KEDO/CIPE) پاڵپشتی کراوە، 20 ھۆکاری جیاواز ده‌ستنیشانكراوه‌، كه‌ بووه‌نه‌ته‌ رێگر لە بەردەم گەنجان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن ببنه‌ خاوەن پرۆژەی خۆیان.

هاوكات پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر، نەرمین مەعروف مامۆستایه‌كی زانكۆ، كه‌ ئێستا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌ ئه‌و هۆكارانه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م گه‌نجان بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌كانیان.

نه‌رمین مه‌عروف به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، گەنجان 20 ھۆکاری جیاواز بەگرفت دەزانن لەوەی نەتوانن ببن بەخاوەن پرۆژەی خۆیان، پێنج گرنگترین ھۆکاریش بریتین له‌، نەبوونی سەرمایە (12.1%)، نەبوونی ھاندەر و پشتگیرکار (7.9%)، کۆمپانیاکانی حزب بازاڕ و کەرتی تایبەتیان قۆرخکردووە (6.4)، گرنگی نه‌دانی حکومەت وەک پێویست بە پرۆژەکانی گەنجان (6.4%)، دەستەیەکی حکومی نییە پشتگیری و ئاسانکاریان بۆ بکات (6.1%).

چارتی یەکەم: ھۆکاری بەردەم گەنجان چییە کە نەبنە خاوەن پرۆژەی خۆیان
چارتی یەکەم: ھۆکاری بەردەم گەنجان چییە کە نەبنە خاوەن پرۆژەی خۆیان

بەگوێره‌ی ناوەڕۆکی رووپێوی دامەزراوەکانی ((UNDP/USAID، وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار، تایبەت بە رووپێویی دامەزراوە زۆر بچووک، بچووک و مامناوەنده‌كانی کەرتی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان لەساڵی 2022، ئەو بزنسانەی کە ژمارەیان بە کارمەند و خاوەنەکانیانەوە لەلایەن یەک کەس بۆ سێ کەس پێکەوە بەرێوەدەبرێن دەچێتە قاڵبی پرۆژەی زۆر بچووک.

لە رووپێوییەکە سەبارەت بە لایەنە پێویستەکان بۆ تۆمارکردنی بزنسەکان پێویستی ئاماژە بە زیاتر لە 16 لایەنی جیاواز کراوە کە بەشداربووان ئاماژەیان بەوەکردووە کە 16% پێویستییان بە بەڕێوەبەرایەتی باج ھەیە و کەمترین رێژەش پەیوەندارە بە دەستەی وەبەرھێنان بە رێژەی (0.1%).

چارتی دووەم: لایەنەکانی پێویست بۆ تۆماری بزنسی بچووک
چارتی دووەم: لایەنەکانی پێویست بۆ تۆماری بزنسی بچووک

پێشڕەو تەھا، شرۆڤەکاری ئابووریی بە کوردستان 24ـی راگەیاند، زۆربه‌ی بزنسە بچووکەکان گرفتی پرۆسەی خۆتۆمارکردنیان هه‌بوو کە بەشێکی زۆری په‌یوه‌ندیداربوو به‌ رۆتین و گرفتی كارگێڕییه‌وه‌، لەکاتێکدا ئێستا پرۆسەی تۆمارکردنی بزنسەکان بووەتە پرۆسەیەکی تەواو ئۆنلاین و لەماوەی چەند خولەکێکدا ئەنجام دەدرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، پێشڕەو پیشنیازی كرد، بۆ ئەوەی بزنسە بچووکەکان پەرەپێدانی زیاتر بەخۆیانەوە ببین، پێویستە راھێنانی بەردەوامی پەرەپێدانی بزنسەکەیان لەڕووی فرۆشتن و به‌بازاڕكردن و به‌كارهێنانی سۆشیال میدیا وەربگرن و ھەوڵبدرێت دەرگایان بۆ بکرێتەوە بۆ دانیشتن و گفتۆگۆکردن لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان.

دیمه‌نی نمایشكردنی به‌رهه‌می كاره‌ ده‌ستییه‌كانی گه‌نجان
دیمه‌نی نمایشكردنی به‌رهه‌می كاره‌ ده‌ستییه‌كانی گه‌نجان