ئه‌ردۆغان: جارێکی دیکە سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان به‌ده‌ست ده‌هێنینه‌وه‌

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا

K24 - هەولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رایگەیاند، له‌گه‌ڵ هاوپەیمانه‌كانمان بەیەکەوە "داستانی 14ی ئایار دەنووسینەوە و سه‌رده‌كه‌وین".

لە میانی کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکی لقه‌كانی ئاک پارتی لە پارێزگاکان، کە لە بارەگای پارتەکە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، دوێنێ بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی واژووکردووە، لە 14ی ئایاردا کە بڕیاربوو 18ی حوزەیران بەڕەوەبچێت و هیوایخواست هەڵبژاردنەکان ببێتە مایەی خێر بۆ وڵات و گەلەکەی.

ئەردۆغان باسی لەوەشکرد،  ئاک پارتی لە دامەزراندنییەوە و لە ئابی 2001ـه‌وه‌، لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی بەشداریکردووە، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە بێ پچڕان لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و سیاسەتێکی پەیڕەوکردووە کە ناوی خۆی بە ئاڵتوون لە مێژووی دیموکراسییدا نووسیوەتەوە.

راشیگەیاند، ئەو بەرهەم و خزمەتانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا پێشکەشی وڵاتەکەمان کردووە، لە ئەژمار نایەت.

گوتیشی:  "پشتیوان بە خودا و بە هاوکاری و پشتیوانی گەلەکەمان و هەوڵی ئێوە، لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاریشدا جارێکی دیکە هەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و هەمیش هەڵبژاردنی پەرلەمان دەبەینەوە و سەرکەوتن بەدەستدەهێنین".