تویتێکی سەرکردەیەکی یەکگرتوو هەردوو بزووتنەوەی ئیسلامی نیگەران دەکات

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

تویتێکی هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی، هەردوو بزووتنەوە ئیسلامیەکە نیگەران دەکات و دوای نیگەرانییەکان ئەو تویتە دەسڕێتەوە.

بزووتنەوەکانی ئیسلامیش خۆیان یەکلایی کردووەتەوە کە شوێنی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان پڕ بکەنەوە، دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووش پڕکردنەوەی شوێنی فراکسیۆنەکەیان بە باش نازانێت.

تویتەکەی هادی عەلی، مشتومڕێکی گەورەی ناوەتەوە، بەتایبەت لەناو حزبە ئیسلامییە سیاسییەکاندا، لەو تویتەداهێرشی کردووەتە سەر ئەو هاوپەیمانێتییەی کە پێشتر هەیانبوو، بەڵام لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا، هەڵوەشێنرایەوە.  

لەوبارەوە محەممەد بازیانی گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی-جیابۆوە ، بە کوردستان24ی گوت: "هێشتا هیچ بڕیارێکمان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە، پێغەمبەر دەفەرموێت هەر کەسێک ئازاری موسڵمانێک بدات ئازاری ئێمە دەدات، ئەوەی ئازاری ئێمەش بدات ئازاری خوای گەورە دەدات. ئێمە وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی کۆبوونەینەتەوە و دوای تەواوبوونی کاری پرۆتۆکۆلی بڕیارەکەمان ئاشکرا دەکەین".

ئەو نووسینەی هادی عەلی، هەرچەندە بەدەستی حزبەکەی نەبووە، بەڵام وادیارە بە دڵیان بووە. دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکگرتوو دڵنیای دەداتە هەردوو بزووتنەوەی ئیسلامی كە ئەوان دەرچووەکانی دیکەیان نانێرنە پەرلەمان، بۆ شوێنگرەوەی  فراکسیۆنەکەشیان بە باشی نازانن  بزووتنەوە جێگەیان بگرنەوە.

عەبدولسەمەد خۆشناو، کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە راستیدا یەکگرتووی ئیسلامی لە چوارچێوەی لیستی چاکسازی بەشداری لە هەڵبژاردنی رابردوودا کرد، بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەندامانیان ئازادن چ بڕیارێک دەدات بەشداری دەکەن یان نا، بەڵام لە داهاتووشدا ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە چوارچێوەی لیستی چاکسازی بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ناکەن.

دوای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی  کوردستان لە پەرلەمان کشایەوەو  کشانەوەکەشیان پەسەند کرا، بۆ جێگرتنەوەیان، ئەو کاندیدانەی بزووتنەوە کە لە هاوپەیمانی چاکسازی (ئیسلاحی)دا لەگەڵ یەکگرتوودا، هاوبەش بوون. دەچنە شوێنی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی.