نه‌ورۆز دوای 262 رۆژ له‌ یاریگه‌ی مه‌لعه‌به‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا

پێكهاته‌ی نه‌ورۆز به‌رامبه‌ر نه‌فتی به‌سره‌، یاریگه‌ی مه‌لعه‌به‌كه‌، سلێمانی 12 ئاداری 2023
پێكهاته‌ی نه‌ورۆز به‌رامبه‌ر نه‌فتی به‌سره‌، یاریگه‌ی مه‌لعه‌به‌كه‌، سلێمانی 12 ئاداری 2023

نەورۆز دوای 262 رۆژ یەکەمین سەرکەوتنی لە یاریگای نێودەوڵەتی سلێمانی مەلعەبەکە تۆمار کرد، دوای ئەوەی لە قۆناغی دووەمی خولی نایابی عێراق گەڕایەوە ئەم یاریگەیە و میوانداریی نەفتی بەسڕەی کرد و یارییەکەشی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، دوای سێ یاریی یەکەمین سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

نەورۆز لە قۆناغی دووەمی خولی نایابی عێراقەوە یارییەکانی لە یاریگای نێودەوڵەتی سلێمانی دەکات و لە یەکەمین یاریی لە یاریگای خۆی له‌ گەڕی بیستەم میوانداریی نەفتی بەسڕەی کرد.

نەورۆز بە سەرەتایەکی باش دەرکەوت و دوای پێنج خولەک لە دەستپێکی یارییەکە، مارادۆنای پیشەگەر و گۆڵکار دەرفەتێکی گۆڵکردنی فەوتاند، هه‌رچه‌نده‌ لەو هێرشەدا یاریزانانی نەورۆز داوای لێدانی سزایان کرد، به‌ڵام ناوبژیوان بەردەوامی بە یارییەکەدا.

کاتە زێڕینەکە هات و دوای نیو کاتژمێر لە دەستپێکی یارییەکە، ئەمجارە ئافۆلابی گۆڵی کرد و نەورۆزی لە یارییەکە پێشخست، ئه‌مه‌ش یەکەمین گۆڵی نەورۆز بوو لە یاریگەی خۆی لەم وەرزە.

نەورۆز ئاگرین بوو، بە تەواوەتی فشاری لەسەر گۆڵی نەفتی بەسڕە دروست کرد و لە گۆڵی دووەم نزیک بوون.

لێرەوە ئەرکی نەورۆز ئاسانتر بوو، كاتێك لە خولەکی 35 ناوبژیوان کارتی سووری بە رووی عەلی خەلیل بەرز کردەوە، نەفتی بەسڕە بە یاریزانێک کەمتر بەردەوامی بە یارییەکەدا.

نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی و لە ژێر کۆنتڕۆڵی نەورۆزی کوردان کۆتایی هات.

لە نیوەی دووەمدا نەفتی بەسڕە گەرچی بە یاریزانێک کەمتر یاریی دەکرد، بەڵام هەوڵیدەدات بە هەرجۆرێک بێت خۆی لە گۆڵی نەورۆز نزیک بکاتەوە.

نەورۆز لەم نیوەیش باشتر و بەهێزتر دەرکەوت، بە چەند هێرشێکی لەسەریەک و جیاوازی خۆی لە گۆڵی نەفتی بەسڕە نزیک کردەوە، بەلام نەیتوانی ئەنجامەکە گەورەتر بکات، نەیتوانی سوود لە کەمی ژمارەی یاریزانانی میوان ببینێت.

نەفتی بەسرەی میوانیش کە سەرەتا بڕیار بوو بەشداری ئەم یارییە نەکات و بکشێتەوە، بە لاواز دەرکەوت و نەیتوانی رکابەری بکات.

یارییەکەی کۆتایی هات و نەورۆز بە سەرکەوتن لە یاریگەی خۆی دەستی بە قۆناغی دووەم کرد و دوای سێ یاریی یەکەمین بردنەوەی بەدەستهێناو باڵانسی خاڵەکانی بۆ 25 خاڵ بەرز کردەوە.