حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پرسی تاوانەکانی داعش تاووتوێدەکەن

"حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆکی حکومەت پشتگیری تەواو لە تیمی یونیتاد و ئەرکەکەی دەکات"
حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پرسی تاوانەکانی داعش تاووتوێدەکەن
حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پرسی تاوانەکانی داعش تاووتوێدەکەن

K24 - هه‌ولێر:

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و راوێژکاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و تیمی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش تاووتوێدەکەن.

نووسینگه‌ی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ 12ـی ئادار / مارسی 2023، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم و نوێنەری حکومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد، پێشوازی لە کریستین ریتسچێر راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کرد.

لە دیدارێکدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، تیشكیخستەسەر هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و یونیتاد لە بوارە هاوبەشەکان، لەوانە بنیاتنانی تواناکانی دادوەران، ئەرشیفکردنی بەڵگەکان، و بنیاتنانی کەیسەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی بەهێزی هاوبەشدا.

دیندار زێباری ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە دوای دەستبەکاربوونی یونیتاد حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆکی حکومەت پشتگیری تەواو لە تیمی یونیتاد و ئەرکەکەی دەکات، لەو چوارچێوەیەدا پێشکەوتنی باش بەدی هاتووە، بەتایبەتی لە پڕۆسەی ئەرشیفکردن بەڵگەنامەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی نێوان هەردوولا هەنگاوی زۆری بڕیوە و پرۆسەکەش بەردەوامی هەیە.

لەلای خۆیەوە، کریستن ریتسچێر رایگەیاند، هەماهەنگییان لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمان بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) بەردەوامە و لەم رووەوە پلانیان هەیە، لە پرۆسەی بونیاتنانی توانای دادوەران لە هەرێم و بەغدا لە رێگای وۆرک شۆپ و خولی مەشق بەردەوامە، کە ئامانج لێیان بەهێزکردنی توانای دادوەرانە بۆ باشتر تێگەیشتن و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی کە ئەنجامیانداوە.