وه‌زیری خوێندنی باڵا: له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی راژه‌ی فیدراڵی هه‌وڵی ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی زانكۆكان ده‌ده‌ین

ئارام محه‌ممه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
ئارام محه‌ممه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی پێشوازیكردن له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی راژه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، له‌باره‌ی چوار دۆسیه‌ی گرنگ له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ كۆده‌بینه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (12ـی ئادار/مارسی 2023)، ئارام محه‌ممه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی راژه‌ی فیدراڵی له‌باره‌ی دۆسیه‌كانی، ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومییه‌كانی هه‌رێم، دامه‌زراندنی هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆر و پرسی خوێندكارانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌ له‌ زانكۆكانی كوردستان خوێندوویانه‌، گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وه‌ڵامی پرسیاری شه‌یما بایز، په‌یامنێری كوردستان24 سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سێ یه‌كه‌مه‌كانی ده‌رچووانی (2015-2016 و 2016-2017)ــشی دامه‌زراندووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و واقعه‌ داراییه‌ی له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ له‌ توانای دامه‌زراندنی هه‌موو سێ یه‌كه‌مه‌كاندا نییه، بۆیه‌ له هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامده‌بن بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كاری زیاتر بۆ ده‌رچووان‌.

هه‌روه‌ها ئارام محه‌ممه‌د قادر روونیكرده‌وه‌، پێشتر هه‌موو داتا و زانیاری سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی راژه‌ی فیدراڵی كردووه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیاندا، گفتوگۆ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی سوودوه‌رگرتن له‌ دامه‌زراندنییان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌لی دامه‌زراندنیانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی فیدراڵی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستانیش ته‌رخانبكرێت.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ هه‌وو ئه‌و پرسانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك نییه‌ سه‌باره‌ت به‌و دۆسیانه‌ی باسی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ن.