فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق ئاشكراده‌كات

فەریق روکن قەیس خەڵەف محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق
فەریق روکن قەیس خەڵەف محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

قەیس خەڵەف محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، رایگەیاند، لەئێستادا، ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق لە 400 تیرۆریست تێپەڕ ناکات. ئاماژەی بەوەشدا، لە میانی دوو مانگی رابردوودا، 45 تیرۆریستی داعش لە عێراق کوژراون.

فەریق روکن قەیس خەڵەف محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ھێزەکانی سەربە دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانیی رۆڵیکی گەورەیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا ھەبوو کە لە پارێزگای ئەنبار ئەنجامدرا و لە ئاکامدا، 22 تیرۆریستی داعش کوژراون و گوتی: "تیرۆریستە کوژراوەکان بەرلەوەی بکرێنە ئامانج، ھەوڵیان دەدا، خەڵکی مەدەنی بکەنە ئامانج".

باسی لەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی 26ی شوباتدا دەستی پێ کرد و لە سێی ئەم مانگەدا کۆتایی ھات و رایگەیاند کە یەکێک لە تیرۆریستە کوژراوەکان، بەناو والی فەللوجە-یە کە بە "شێخ عەلیم " ناوسراوە.

گوتی: "لەئێستادا، ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق لە 400 تیرۆریست تێپەڕ ناکات کە لە ناوچەکانی نارین، عیس، حەزەر، زنجیرە چیاکانی حەمرین و مەکحول خۆیان حەشارداوە".

فەریق روکن قەیس خەڵەف محەمەداوی ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانییدا کە لە میانی دوو مانگی رابردوودا ئەنجامدراون، 45 تیرۆریستی داعش کوژراون.