لایەنە سیاسییەکان تۆپەکەیان خستە گۆڕەپانی پەرلەمان

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەڵبژاردن کۆدەبنەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەک بە بەشداری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆن و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان، بۆ چارەسەری کێشەی کورسی پێکهاتەکان بەرێوەدەچێت. ئەو حزبانەش یەک کورسیان هەیە داوا دەکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ژماریەک کورسی بۆ ئەوان بکرێتە یەک بازنە.

دوای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر چەند خاڵێک لەبارەی هەمواری یاسا و سیستمی هەڵبژاردن، تۆپەکە خراوەتە گۆڕەپانی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و نوێنەری لایەنەکان لە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بکەن.

رۆژی 11/3/2023، دەزگای هەڵبژاردنەکانی هەر یەک لە پارتی، یەکێتی، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، حزبی ره‌نجده‌رانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوە، لایەنەکان لە سەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن رێککەوتوون، کە سیستەمی هەڵبژاردن بە چوار بازبەیی بێت، بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها تۆماری بایۆمەتری کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێتە بنەمای هەڵبژاردن و داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەکرێتە بنەمای دیاریکردنی ژمارەی کورسیەکانی هەڵبژاردن.

مەحیەدین حەسەن، سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی بە کوردستان24 رایگەیاند: "پابەندی رێککەوتنی لایەنەکان نابین، بەتایبەتی دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار بازنەدا، ئێمە لەگەڵ بازنە داین، ئەگەر ئەوەش نەکرێت داوامان کردووە ژمارەیەک کورسی زیاد بکرێن".

دوای چەند کۆبوونەوەیەک لایەنەکان لە یەکتر نزیکبوونەتەوە، بۆ ئەوەی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و سیستمی هەڵبژاردنی داهاتوو رێکبکەون.

مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم حزب و پێکهاتەکان ئەنجامبدرێت، دەبێ راوبۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەکان لەناو پڕۆژەکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو جێی بکرێتەوە و لایەنەکان هاوکاری پێکهاتەکان بن".

دوای رێککەوتن لەسەر کورسی پێکهاتەکان پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئامادە دەکرێت لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش هەنگاوەکانی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دەستپێدەکات.