رێواز فایەق: هیوادارم ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت

K24 – هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لایەنەکان تاڕادەیەک گەیشتوونەتە رێککەوتن و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەنگاوەکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەستپێدەکەن. هیواشی خواست ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.

رێواز فایەق، گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنجومەن و دەستەی پێکهاتەکان کۆدەبینەوە، پەرلەمان گوێ لە هەموو پێکهاتەکان دەگرێت چ لەناو پەرلەمان بن یان لە دەرەوەی پەرلەمان".

گوتیشی: "پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکانیش گوێی لێگرتوون، پێمان خۆشە بزانین ئەوان چیان دەوێت، هەروەها هەموویان لەسەر یەک راوبۆچوونین، ئەگەر خۆیان کۆک بن ئێمە پشتیوانیان لێدەکەین، ئەگەر راوبۆچوونی جیاواز هەبێت چۆن پەرلەمان هەوڵیداوە حزب و لایەنە سیاسییەکان بگەیەنێت بە یەک، بە هەمان شێوە پێکهاتەکانیش لەسەر بیروبۆچوونێک یەکبخەین".

رێواز فایەق، راشیگەیاند: "تەنیا پارتی و یەکێتی بەشداری هەڵبژاردن ناکەن و رێککەوتنی دەزگای هەڵبژاردنی هەردوولا بەس نییە، سەرەتا گوتومانە ئەوە بابەتێکی نیشتمانیی، چارەنووسازی فرەڕەهەندە هەموو لایەنەکانی کوردستان دەگرێتەوە".

گوتیشی: "ئێمە پێمانوایە دەبێ هەموومان پێکەوە لەسەر خاڵی هاوبەش رێکبکەوین، ئێستا بەراورد بە ساڵی رابردوو هەنگاوی باشمان بڕیوە".

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا لەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەنگاوەکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەست پێدەکەن، گوتی: "لایەنە سیاسییەکان تاڕادەیەک گەیشتوونەتە رێککەوتن و هیوادارم ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت".