مەسرور بارزانی لەبارەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

"داوا لە هاونیشتمانییان و شوفێران دەکەم پابەندبن بە رێنماییەکانی هاتووچۆ و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی رابردوودا بەڕێژەیەکی بەرچاو تۆمار کراون، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، دەبێت وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بکات و رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شوفێری توندتر بکەن.

سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا داوای لە هاونیشتمانییان و شوفێران کرد پابەندبن بە رێنماییەکانی هاتووچۆ و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت:

بە داخەوە دوێنێ شەو لە ئەنجامی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆ، پێنج کەس لە ئەندامانی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا، لە ماوەی تەنیا پێنج ڕۆژیشدا، شازدە کەس لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە، بوونەتە قوربانی.

پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم، ئاراستەی کەس و کار و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش، بۆ بریندارەکان دەخوازم.

جێی نیگەرانی و داخێکی زۆرە ، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە هەرێمی کوردستان،  لە ئەنجامی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە، گیان لە دەست دەدەن. بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان و شوفێران دەکەم، کە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن و دووربن لە تیژڕۆیی.

لە هەمانکاتدا، دەبێت وەزارەتی ناوخۆش پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بەگشتی و  رێنمایی و یاساکانی هاتووچو و ڕێگا و بانەکان بکات و ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شوفێری توندتر بکەن.

پێویستە هەموو ڕێکار و ئامادەکارییەک بکرێت بۆ سنووردانان بۆ ڕووداوەکانی هاتووچۆ و دڵنیابوون لە پابەندبوونی هەمووان بە مەرجەکانی سەلامەتی و یاساکانی هاتووچۆ.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/3/13