سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی فیدڕاسیۆنی نیشتیمانیی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا دەکات

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندی فیدڕاسیۆنی نیشتیمانیی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا کرد کە پێکهاتبوو لە فیلیپ دولارب سکرتێر و سێناتۆر لوی دوڤێرنوا و جەنەڕاڵ تینۆدۆر ئارفارا ئەندامانی فیدڕاسیۆن.

بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ خەبات و ماندوبوون و قوربانیدانی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و گەلی کوردستان هەبوو و جەختیان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و پەیوەندی و برایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان کردەوە.

هەروەها بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی خەباتی پێشمەرگە و فراوانکردنی پەیوەندی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسا کۆمەڵێک بیرۆکە و پێشنیاریان خستەڕوو.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەل و حکومەتەکانی فەرەنسا بە مێژوویی و دێرین وەسف کرد و وێڕای ئاماژەدان بە چەندین نموونەی مێژوویی و سەردانی سەرۆک ئۆلاند و سەرۆک ماکرۆن، سوپاسی گەل و دەوڵەتی فەرەنسای کرد کە هەمیشە پاڵپشت و دۆستێکی گەورەی گەلی کوردستان بوونە.

.