لوقمان وەردی: رێککەوتین داتای حکومەتی ئیتحادی بکەینه بنەمای نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری

لایەنێکی کۆبوونەوەکە
لایەنێکی کۆبوونەوەکە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و پێنج لایەنە سیاسییەکەی ناو پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی رایگەیاند، خاڵی هاوبەشمان زۆر زیاتره له خاڵه ناکۆکەکان.

هەروەها لوقمان وەردی راشیگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش هەبوو و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.

دەشڵێت: "هەموو لایەنەکان بە پەرۆشن بۆ گەیشتن به رێککەوتنێکی گشتگیر و رێککەوتن لەسەر خاڵه سەرەکییەکانیش کراوه".

ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتین داتای حکومەتی ئیتحادی بکەینه بنەمای نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری، هەروەها له کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باس له بازنەی پێکهاتەکان نەکراوه.

چەند رۆژێک پێش ئێستا دەزگای هەڵبژاردنەکانی هەر یەک لە پارتی، یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری، حزبی ره‌نجده‌رانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوە، لایەنەکان لە سەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن رێککەوتوون، کە سیستەمی هەڵبژاردن بە چوار بازبەیی بێت بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها تۆماری بایۆمەتری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێتە بنەمای هەڵبژاردن و داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەکرێتە بنەمای دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی هەڵبژاردن.