ناسر کەنعانی: دەستوەردانەکانی پاریس هاوکارنابێت بۆ ئازادکردنی فەرەنسییە دەستگیرکراوەکانی ئێران

ناسر كه‌نعانی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران
ناسر كه‌نعانی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، هەڵوێستی فەرەنسا و دەستوەردانەکانی، هاوکارنابێت بۆ ئازادکردنی فەرەنسییە دەستگیرکراوەکانی ئێران.

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەمبارەیەوە رایگەیاند، فەرەنسا هەڵوێست و رۆڵی خراپی سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی ئێران لە ماوەی رابردوودا هەبووە.

کەنعانی راشیگەیاند، هەڵوێستەکانی پاریس، هاوکار نابن بۆ ئازادکردنی بەندییە فەرەنسییەکان لە ئێران.

فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە توندترین شێوە دژی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێران وەستاوەتەوە، دوای ئەوەی لە 16ی ئەیلوول / سێپتێمبەری 2022 پۆلیسی ئاکاری ئێران  ژینا ئەمینی بەهۆکاری پێشێلکردنی یاساکانی جلوبەرگ دەستگیرکرد، پاشان لە بەندیخانە گیانی لەدەستدا، بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی فراوان لە تەواوی ناوچەکانی ئێران.

بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، 6 هاووڵاتی فەرەنسی لە ئێران دەستگیرکراون، کە بەردەوام پاریس داوای ئازادکردنیان دەکات.