ئالان شێخ لەتیف: هێشتا بڕیارمان نەداوە بچینە شوێنی ئەندامانی یەکگرتوو لە پەرلەمان

K24 - هەولێر:

په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو كۆده‌بێته‌وه‌، وا بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا پێنج ئەندامی بزووتنەوەی ئیسلامی بچنە شوێنی ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامی کە دەستییان لە کار کێشاوەتەوە، لەمبارەیەوە ئالان شێخ لەتیف ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، هێشتا بڕیارمان نەداوە بچینە شوێنیان.

ئالان شێخ لەتیف دەشڵێت: لە ساڵی 2018 لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لیستی هاوپەیمانی ئیسڵاحمان وەک لیستی ئیسلامییەکان راگەیاند، ئەوکات لەو لیستەدا بەشداریمانکرد، ئەو کورسییانەی ئەوکات هاتنەدەست، بەر برایانی یەکگرتوو کەوت.

جەختی لەوەش کردەوە، کاتێک ئەوان بڕیاری کشانەوەیان لە پەرلەمانی کوردستاندا، دەبێت نوێنەرەکان بچنە شوێنییان و دەبێت کاندیدەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی شوێنیان بگرنەوە.

هەروەها دەشڵێت: کاتی خۆی ئەندامان و کادیرانی ئێمەش لە لیستی ئیسڵاح ماندووبوون، ئەمە ماف و ئیستحقاقی بزووتنەوەشە، بۆیە بۆ چوونە شوێنیی ئەوان، سبەی ئەو بڕیارە دەدەین.

ئاماژە بەوەش دەکات، یەکگرتووی ئیسلامی ناوی لیستەکەیان گۆڕی و بە بێ ئێمە چوونە ناو پەرلەمانی کوردستان، ئەمە پێشێلکردنی رێککەوتنی نێوانمان بوو، چونکە لیستەکە دەنگدەرانی ئێمەشی تێدابوو.