دوو یەختەکەی سەدام 20 ساڵە لە شوێنی خۆیان ماون

"سەردەمی پێش ئینتەرنێتم بیردەهێنێتەوە"
یەختی ئەلمەنسوور - وێنە: AFP
یەختی ئەلمەنسوور - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

دوو یەخەتەکەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق ماوەی 20 ساڵە لە پارێزگای بەسرە لە شوێنی خۆیان ماون.

یەختەکانی سەدام کە لەجۆری سوپەر-یەختن 20 ساڵە نەجوڵاون و لە یەکگرتنی رووباری دیجلە و فورات لە عێراق ماونەتەوە و شایەتحاڵی شکۆمەندی درۆیینەی سەدام حوسێنی دیکتاتۆری پێشوون.

دوو یەختەکەی سەدام یەکیان لەسەر لا و ئەویدیکەش وەک بەڕێکی دوو دەیەیە لە بەسرەن، دوای ئەوەی لە ساڵی 2003 بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەشکرکێشیی بۆ سەر عێراق کرا و کۆتایی بە دەسەڵاتی دەیان ساڵەی رژێمی بەعس هێنرا.

یەختەکەی سەدام توانای هەڵگرتنی 30 سەرنشین و 35 ئەندامی تیمی کەشتیوانی هەیە، 13 ژوور و سێ شوێنی دانیشتن و شوێنێکی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەری هەیە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، دەسەڵاتدارانی عێراق پێش ساڵی 2009 هەوڵیانداوە بە 35 ملیۆن دۆلار یەکێک لە یەختەکانی سەدام حوسێن بفرۆشن، بەڵام کاتێک بە فەرمی وەک موڵکێکی پێشووی سەدام ناسێندرا، حکومەتی عێراق لە 2009 نەیتوانی بیفرۆشێت و لەو کاتەوە تا ئێستا لە بەسرە لەنگەری گرتووە.

لەبارەی یەختەکانەوە، عەباس مالیکی مامۆستای زانکۆ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئەوەی لەو یەختەدا حەزم لێیە، کەلوپەلە کۆنەکانە، فاکس و تەلەفۆنە کۆنەکان لەنێویدا، سەردەمی پێش ئینتەرنێتم بیردەهێنێتەوە".