رووسیا هەناردەی دانەوێڵەی بۆ 60 رۆژی دیکە درێژکردەوە

باری دانەوێڵە
باری دانەوێڵە

K24 - هەولێر:

حکومەتی رووسیا هەناردەی دانەوێڵەی بۆ 60 رۆژی دیکە درێژکردەوە و ئۆکرانیاش مۆسکۆ بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتباردەکات.

سێرگی ڤێرشینین، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، دوای گفتوگۆیان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بۆ ماوەی 60 رۆژی دیکە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە درێژبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، رێککەوتنەکە لە 18ی ئادار تاوەکو 17ی ئایار درێژکراوەتەوە و هەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان بەردەوام دەبێت.

ئۆلێکساندەر کوبراکۆڤ وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، بەگوێرەی رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە دەبێت بۆ 120 رۆژ درێژبکرێتەوە، بەڵام ئەو بڕیارەی مۆسکۆ پێچەوانەی رێککەوتنەکەیە.