گوتەبێژی حکومەتی عێراق: بودجەی گشتی ئەمساڵ 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە

"نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە"
باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق
باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتهێنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، 63 تریلیۆن دینارە.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاند: "کورتهێنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، دەگاتە 63 ترلیۆن دینار كه‌ لە سەرچاوەی دیکەوە پڕ دەکرێتەوە لەوانە، ئەو بڕە پارەیەی كه‌ لە وەزارەتی دارایی لە پشکی خولاوی گەنجینە لە بانکی ناوەندیی، قەواڵە و قەرزی ناوخۆ کۆکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: "لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە؛ لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت".

باسی لەوەش کردووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆی خەرجییە پێشنازکراوەکان، 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ دوێنێ دووشەممە (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیران لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندی لەسەر پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 نیشان دا.

پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا.