سەرۆکی ئیسرائیل هۆشداری دەدات؛ "دۆخەکە ئێجگار مەترسیدارە"

ئیسحاق ھێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل
ئیسحاق ھێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل

K24 - هەولێر:

ئیسحاق ھێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، دوای راگەیاندنی پلانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی هۆشداری دا لەوەی کە دۆخی وڵاتەکەی "زۆر مەترسیدارە و لەوانەیە ئاکامی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی خراپی لێ بکەوێتەوە".

رۆژنامەی "Israel Today" کە بە زمانی عیبری دەردەچێت بڵاوی کردەوە، ھێرزۆگ لە میانی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی پێدانی ناونیشانی "هاوشاریی فەخریی" لەلایەن شارەوانیی تەل ئەبیب-ەوە، گوتارێکی پێشکەش کردووە.

ناوبراو بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی، ئێستا لە دۆخێکی جەمسەربەندی و ناکۆکیدان، گوتی: "لە دۆخێکی ئێجگار مەترسیدارداین، لەوانەیە ئاکامی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی خراپی لێ بکەوێتەوە".

ئیسحاق ھێرزۆگ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، ئاشکرایە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە کۆمەڵایەتی و دەستوورییەی رووی تێ کردوون، هەوڵی زۆریان داوە و گوتی: "تەواوی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی هاوپەیمانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە کۆبوونەوەتەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەوڵی زۆر زیاتر هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگی رابگیرێت".

پێشتریش سەرۆکی ئیسرائیل چەند جارێک رایگەیاندبوو کە ناکۆکییەکی قووڵ لەو وڵاتە هەیە و هەوڵ دەدات "کۆمەڵگەش تووشی جەمسەربەندی زیاتر نەبێت و کێشەی دەستووریی روو نەدات".