هەلیکۆپتەرێکی تاکەکەسی پێویستی بە مۆڵەتی فڕۆکەوانی نییە
-Recovered-Recovered.jpg)
K24 - هەولێر:
کۆمپانیای LIFT AIRCRAFTـی ئەمەریکی هەلی کۆپتەرێکی تاکەکەسی بەرهەمهێناوە کە بارستاییەکەی کەمتر لە 200 کیلۆگرامە.
هەلیکۆپتەرەکە ناوی هێکسایە و لەسەر ئاو و وشکانی توانای نیشتنەوەی هەیە، هەروەها 18 ماتۆڕی ئەلکترۆنی هەیە کە بەپێی پێویست پەروانەکانی دەسوڕێننەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی وێبسایتی کۆمپانیاکە بڵاویکردووەتەوە، هەلیکۆپتەرەکە شاشەیەکی کۆمپیتەری و گێڕێکی هەیە کە لەڕێگەیەوە کۆنترۆڵی جوڵەی کۆپتەرەکە دەکرێت، هەروەها خاوەنەکەی دەتوانێت لەرێگەی شاشەی هەلیکۆپتەرەکەوە دۆخی (بەکارنەهێنانی دەست) هەڵبژێرێت و هەلیکۆپتەرەکە خۆی خاوەنەکەی دەگەیەنێتە شوێنی مەبەست.
تەواوی رووکاری دەرەوەی کۆپتەرەکە لە کاربۆن فایبەر دروستکراوە و بارستاییەکەی نزیکەی 195 کیلۆگرامە و پێویستی بە مۆڵەتی فڕۆکەوانی نییە و بە هەمان تەکنەلۆجیای دروستکردنی درۆن بەرهەمهێندراوە و نرخەکەی نزیکەی نیو ملیۆن دۆلارە.
هەرچەندە پێویستی بە مۆڵەتی فڕۆکەوانی نییە، بەڵام ئەو کەسەی دەبێتە بەکارهێنەری هەلیکۆپتەرەکە، پێشتتر خولێکی راهێنان وەردەگرێت.