نۆ کەس خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی توركیا كاندید كردووه‌

K24 - هەولێر

هەوڵەکانی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدانی توركیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەردەوامە بۆ فراوانکردنی "هاوپەیمانی کۆمار" کە پارتەکەی لەگەڵ پارتەکانی بزووتنەوەی نیشتمانی و یەکگرتوویی مەزن لەخۆدەگرێت، ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە به‌ نیازی خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی زیاد بووه‌.

ئەحمەد یه‌نار، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگه‌یاند، بانگه‌شه‌ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە بڕیارە 14 ئایار ئەنجام بدرێت لە 18ی ئادارەوە دەستپێدەکات.

تاوه‌كو ئێستا نۆ كه‌س خۆیان كاندیكردووه‌ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری توركیا. رەجەب تەیب ئەردۆغان، کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هاوپەیمانی گەل، سینان ئۆغان كاندیدی شه‌ش پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، موحەڕەم ئینجە کاندیدی هاوپەیمانی "ئاتا"، ئۆزتورک یه‌ڵماز سەرۆکی پارتی نوێبوونەوە، هەروەها دۆگۆ پرینچیک سەرۆکی پارتی نیشتمانی چەپ، جەم ئۆزان سەرۆکی پێشووی پارتیگەنجان و ئەحمەد ئۆزال سەرۆکی پارتی "یەک".

ئەردۆغان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی "هاوپەیمانی کۆمار" و لەخۆگرتنی لایەنە نوێیەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا لە بەرامبەر کەمال کلیچدارئۆغڵو، كه‌ گەورەترین رکابەریتی.

رۆژی دووشەممە، ئەردۆغان لە بارەگای پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەنقەرە لەگەڵ مستەفا دیستیگی بەرپرسی پارتی یەکگرتوویی مەزن کۆبووەوە، دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هاوپەیمانی کۆمار وەک یەک قەوارە لە رێگەی خۆی بەردەوامە، کاندیدەکەشمان سەرۆک ئەردۆغانە، ئێمە بە مەبدەئی قسەمان کرد و رامانگەیاند کە ئێمە وەک حزبێک بەشداری له‌ هەڵبژاردنەکاندا دەکەین و 81 كاندیدمان ده‌بێت له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی توركیا".