کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆتایی هات

K24 – هەولێر:

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی هات.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی ئادار/مارسی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی، پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری کرد.

دوای ئەوەش سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

هەر لە درێژەی سەردانەکەی بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە و کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی نێوانیان کۆتایی هات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق باس لە چەندین دۆسیەی پەیوەست بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دوایین پێشهاتەکانی دانوستانەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم وفیدراڵی دەکرێت، لەوانەش پرسی بودجە، یاسای نەوت و غاز م دۆسیەی ئاوارەکان و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا بەخێرهاتنی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بەبۆنەی سەردانیکردنی بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی، "نیازپاکی سوودانی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە".

مەسرور بارزانی لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، بەخێرهاتنی محەممەد شیاع سوودانی دەکەم لە یەکەم سەردانی فەرمیدا بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی ئادار/مارسی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە یاوەری شاندێک گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لێکرا.