راوێژکارێکی ئابووری سوودانی: بودجەی 2023ی عێراق داهاتووی ئابووری سێ ساڵ زامن دەکات

ژماردنی پارە لە بانکێکی عێراق
ژماردنی پارە لە بانکێکی عێراق

K24 – هەولێر:

راوێژکارێکی ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، ئامادەکردنی بوودجەی سێ ساڵ، داهاتووی ئابووری عێراق زامن دەکات.

مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، یاسای کارگێری و ئابووری  کە لە ساڵی 2019 دەرکراوە، رێگە بەوە دەدات پلان و پێشبینی سێ ساڵی داهاتوو ئامادەبکەین.

ساڵح هەروەها راشیگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو، بواری ئەوەی تێدایە بە گوێرەی نرخی نەوت دەستکاری تێدا بکرێت.

ئەو راوێژکارەی سوودانی دووپاتیشیکردەوە، ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی 2023، بۆ سێ ساڵی داهاتوو، رێگە بەوە دەدات داهاتووی ئابووری عێراق بە روونی ببینرێت.

پێشتریش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتهێنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، 63 تریلیۆن دینارە.

ئاماژەی بەوەشدابوو، لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: "لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە؛ لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت".

باسی لەوەش کردبوو، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەمڵێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆی خەرجییە پێشنازکراوەکان، 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رۆژی دووشەممە (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیران لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندی لەسەر پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 نیشان دا.

پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا.