داواكارییه‌كه‌ی مێسی له‌ هیلالی سعوودیه‌ سێ ئه‌وه‌نده‌ی رۆناڵدۆیه‌

لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان و كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی یانه‌ی نه‌سڕی سعوودیه‌
لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان و كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی یانه‌ی نه‌سڕی سعوودیه‌

لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی پاریس سانجێرمان كه‌وتووه‌ته‌ گفتووگۆ له‌گه‌ڵ یانه‌ی هیلالی سعوودیه‌، به‌ڵام مێسی سێ ئه‌وه‌نده‌ی رۆناڵدۆی له‌م یانه‌یه‌ ده‌وێت.

كاتێك هه‌واڵی پێشنیازی 200 ملیۆن دۆلاری نه‌سر بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ كاتی مۆندیال له‌ رۆژنامه‌ی ماركا بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌س پێی وانه‌بوو ئه‌م هه‌واڵه‌ راست بێت، ته‌نانه‌ت رۆناڵدۆ له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پێرس مۆرگانی رۆژنامه‌نووسی به‌ریتانیا هه‌واڵی چوونی بۆ نه‌سڕ ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر هه‌واڵی واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاڕێزه‌رانی یانه‌ی نه‌سری سعودی بڵاوكرایه‌وه‌، هه‌موو به‌و باوه‌ڕه‌ گه‌یشتن كه‌ هێزی پاره‌ زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرێت.

وادیاره‌ ئه‌م سیناریۆیه‌ بۆ لیونێل مێسی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، هه‌واڵی چوونی مێسی بۆ یانه‌ی هیلالی سعوودیه‌ و ركابه‌ری یانه‌كه‌ی رۆناڵدۆ، ده‌توانێت سه‌رنجڕاكێش بێت. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ یانه‌ی هیلال به‌ پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی مێسی بۆ ریزی خۆی ده‌گوازێته‌وه‌.

گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، ئەم یاریزانە تا ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەم یانەیە نوێ نەکردۆتەوە، بەجۆرێک دەنگۆی جێهێشتنی ئەم تیپە تادێت زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ خۆرخی مێسی باوكی لیۆنێل مێسی سه‌ردانی سعوودیه‌ كردووه‌.

لەم دۆخەدا بەرنامەی "ئێل چیرینگیتۆ" رایگەیاند کە هیلال لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا دەستی بە گفتووگۆ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مێسی بگوازێته‌وه‌ و ئاماده‌یه‌ ساڵانە 300 ملیۆن یۆرۆ به‌و یاریزانه‌ بدات.

به‌ گوێره‌ی میدیایه‌كان، مێسی له‌ رێگه‌ی باوكییه‌وه‌ وه‌ڵامی یانه‌ی هیلالی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت مووچه‌یه‌كی زۆر زیاتر له‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆی هه‌بێت. مەرجی مێسی بۆ پەیوەندیکردن بە هیلال مووچەی ساڵانەی 600 ملیۆن یۆرۆیه‌ و هیلالیش بڕی مووچه‌كه‌ی بۆ 350 ملیۆن یۆرۆ به‌رز كردووه‌ته‌وه‌.

لە ئێستادا دانوستانەکانی باوکی لیۆنێل مێسی و هیلال بەردەوامن و ئەم یانە سعوودیە بەنیازە هاوکاری لە هاندەرێکی دەوڵەمەند و ملیاردێر وەربگرێت و هەروەها وەزارەتی گەشتوگوزاری سعوودیە کە سپۆنسەری گرێبەستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کردووە، بۆ دابینکردنی ئەم بڕە پارەیە هاوكار بێت. جگە لەوەش لیۆنێل مێسی لە ماوەی رابردوودا گرێبەستێکی لەگەڵ سعوودیە سەبارەت بە پرسەکانی گەشتیاری واژۆ کردووە و هاوکاری نێوان لایەنەکان کراوەیە. بەم مەرجانە پێده‌چێت له‌ وه‌رزی داهاتوودا جاریكی دیكه‌ چاوه‌ڕوانی ركابه‌ریی نێوان مێسی و رۆناڵدۆ ببینه‌وه‌.

  ئاماده‌كردنی: محه‌مه‌د شه‌هدی