بانکی ناوەندیی عێراق پاکێجی سێیەمی ئاسانکارییەکانی بۆ بەدەست کەوتنی دۆلار راگەیاند

بانکی ناوەندیی عێراق
بانکی ناوەندیی عێراق

K24 - هەولێر:

بانکی ناوەندیی عێراق پاکێجی سێیەمی ئاسانکارییەکانی بۆ بەدەست کەوتنی دۆلار راگەیاند کە خۆی لە سێ خاڵدا دەبینێتەوە.

بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی ئادار/مارسی 2023)، قۆناغی سێیەمی ئاسانکارییەکانی بۆ  بەدەستهێنانی دۆلار بە نرخی فەرمی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لەمەودا دۆلار بەنرخی فەرمی هەر دۆلارێک بە 1320 دینار  لەرێگەی کارتی بانکییەوە بە گەشتیاران دەدرێت و گەشتیار دەتوانێت تاوەکو 10 هەزار دۆلاری پێ وەربگرێت، کە ئەم کارتە بانکییانە بانکەکان و کۆمپانیا مۆڵەت پیدراوەکان دەتوانن دروستی بکەن و سێ جۆری هەیە کە بە (Gold, Silver, Platinum) دیاریکراوە.

هەروەها لەرۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە (2023/3/19) پێدانی پارە بەشێوەی کاش بە گەشتیاران لە حەوت هەزار دۆلارەوە بۆ دوو هەزار دۆلار کەمدەکرێتەوە، ئەوەش بەو ئامانجەی کە پێویست ناکات  هاووڵاتی رێژەیەکی زۆری پارە بەشێوەی کاش لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت.

بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژە بەوەشدەکات کە بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەشێوەی کاش  بەبێ ئەوەی بڕی فرۆشتنی دۆلار کەمبکرێتەوە.

لە خاڵێکی دیکەدا بانکەکە داوا لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات پەیوەندی بکەن بە هەردوو کۆمپانیای وێسترن یونیەن و مونی گرام بەمەبەستی ئەنجامدانی رێکارەکانی تایبەت بە گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بەشێوەی هەژماری کەسی یان بازرگانی، ئەو دوو کۆمپانیایەش دەتووانن بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی دۆلاریان بۆ حەواڵە بکەن.