محەممەد شیاع سوودانی: گفتوگۆی بەرهەمدار لە سەردانەکەمان بۆ هەولێر هەبوو

سوودانی پەیامێکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەولێر بڵاوکردەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەرهەمدارمان لە شاری هەولێر ئەنجامدا.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی ئادار/مارسی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە،  گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەرهەمدارمان لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سازکرد.

سوودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاردانەوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ هەنگاوەکانمان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتمان بەدیکرد و نووسیویەتی، "هەروەها هەستمان بە خواستێکی جددی کرد بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو ئاواتی نەوەکانی گەلە خۆشەویستەکەمان لەهەموو شوێنێک".

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی ئادار/مارسی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها نوێنەری لایەن و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان چوار دیداری ئەنجامدا.