دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا دوو رۆژنامەنووس سزا دەدات کە هەڕەشەی ناوزڕاندنیان لە پاشایەک کردووە

دادگای فەرەنسا
دادگای فەرەنسا

K24 - هەولێر:

دوو ڕۆژنامەنووسی فەرەنسی سزای یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و سزای دارایی 10 هەزار یۆرۆیان بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی ئەوەی هەرەشەی ناوزڕاندنیان لە شا محەمەدی شەشەم، پاشای مەغریب کردووە.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی فرانس24،ئەو دوو رۆژنامەنووسە لە ساڵی 2015 لە بەرانبەر بڵاونەکردنەوەی کتێبێک کە دەبووە مایەی شەرمەزاری بۆ شای مەغریب، داوای پارەیان لێکردووە.

ئەو دوو رۆژنامەنووسە بەناوەکانی ئیریک لۆران (76 ساڵ) و کاترین گراسییە (48 ساڵ) لە ساڵی 2012 کتێبێکیان سەبارەت بە شای مەغریب نووسیووە و لەگەڵ خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی (لو سوی) رێکەوتنێکیان واژوو کردووە سەبارەت بە ئامادەکردنی بەشی دووەمی کتێبەکە.

.

هاوینی 2015، لۆران، پەیامنێری پێشووی رادیۆی فەرەنسا و گۆڤاری "لی فیگارۆ" و نووسەری چەند کتێبێک، پەیوەندی بە ئەمینداریەتی گشتی شای مەغریب کرد و لە 11ی ئاب لە پاریس لەگەڵ پارێزەر هیشام ئەلناسری، نوێنەری شانشینی مەغریب کۆبوونەوەیەکی رێکخستووە.

دوای ئەو کۆبوونەوەیە، مەغریب لە پاریس سکاڵای تۆمار کرد و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەستیپێکرد. دوو کۆبوونەوەی دیکە، لە ژێر چاودێری هێزە ئەمنییەکانی فەرەنسادا، لە 21 و 27ی ئابدا ئەنجامدرا.

کاترین گراسیێر، نووسەری کتێبی تایبەت بە مەغریب و لیبیا، تەنیا لە کۆبوونەوەی سێیەمدا بەشداریی کرد.

لەو کۆبوونەوەی سێیەمدا ئەو دوو رۆژنامەنووسە رێککەوتنێکی داراییان واژۆکرد بە بڕی دوو ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستبەرداربوون لە کتێبەکە. دوای ئەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران، لەوکاتەدا دوو زەرفیان پێبوو کە هەریەکەیان 40 هەزار یۆرۆی تێدابوو.

دادگای تاوانەکانی پاریس ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دوو رۆژنامەنووسە پێکەوە "فشاریان" خستووەتە سەر نێردەی مەغریب بە قسەکردن لەسەر چەند بابەتێک، لەنێویاندا کتێبێک کە "ئابڕوبەر" دەبێت بۆ وڵاتی مەغریب.

ئەو دوو رۆژنامەنووسە کە پارێزەرەکانیان دەستبەجێ تانەیان لە بڕیارەکە داوە، بەردەوام رەتیانکردووەتەوە هیچ هەڕەشەیەکیان کردبێت، هەرچەندە دانیان بەوەدا ناوە کە "هەڵەیەکی ئەخلاقی"یان ئەنجامداوە کاتێک پێشنیازی وەرگرتنی پارەیان (یەکلاکردنەوەی دارایی) قبوڵکردووە.