دڵشاد شەهاب: کابینەی سوودانی بە ئاراستەیەکی دروست کاردەکات

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بۆ حکومەتی ئێستای عێراق دووپاتکردەوە و دەڵێت، کابینەی محەممەد شیاع سوودانی بە ئاراستەیەکی دروست کار دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (15ـی ئادار/مارسی 2023)، دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە درێژایی ساڵانی رابردوو، جێبەجێنەکردنی دەستوور و کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان  حزب و لایەنە سیاسییەکان وایانکردووە عێراق سەقامگیر نەبێت و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چارەسەر نەکرێن.

دڵشاد شەهاب گوتیشی، پشتیوانی تەواو لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی دەکەن و ئەو ئاراستەی حکومەتی ئێستای عێراق کاری پێدەکات، "ئاراستەیەکی دروستە" و سوود وەرگرتنە لە مێژووی پڕ ناکۆکی و کێشمەکێشی عێراق و هیوادارن لەسەر ئەو رێوڕەوە بەردەوام بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و "مەزنترین هاوپەیمانی شیعە لە نێو پەرلەمانی عێراق" پشتیوانی لە حکومەتی ئێستای عێراق دەکەن، ئەمەش خالێکی ئەرێنییە بۆ ئەوەی لەسەر ئاراستەی باشی کارکردنی بەردەوامبێت.