کارگەیەکی خەڵوز زیان بە ژینگەی ناوچەیەکی سنووری دهۆک دەگەیەنێت
K24 – دهۆک
دروستکردنی کارگەیەکی خەڵوز لە سنووری ناحیەی مانگێشکێ-ی سەر بە پارێزگای دهۆک، بووەتە هۆی بڕینەوەی دەیان دار و زیانگەیاندن بە ژینگەی ناوچەکە.
ماوەیەکە وێنە و ڤیدیۆی بڕینەوە دار لەو ناوچەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە و ژینگە دۆستان و هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرەی نیگەران کردووە. کوردستان24 بە دواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکات و خاوەنی کارگەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدوێنێت.
خاوەنی کارگەکە بە ناوی کارزان محەممەد، دەڵێت: "من دارەکانم کڕیون و هیچ هەڵەیەکم نەکردووە، دارەکان بە نووسراوی ناحیە لە بازگە رێگەیان پێدراوە".
ئەو کارگەیە بەبێ هەبوونی هیچ مۆڵەتێکی فەرمی لە ناوچەکە دروستکراوە، فەرماندەیی دهۆکی هێزی پاراستنی ژینگە ئاشکرای دەکات، بە شۆفڵ داریان لە رەگ و ریشە دەرهێناوە و ئێستا کارگەکە داخراوە.
جەمال سەعدو کورکی، فەرماندەی هێزی دهۆکی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە بە کوردستان24ی گوت: "داری زۆر لە ناوچەکە بڕدراون، تەنانەت هەندێکیان بە شۆفڵ لە رەگەوە دەرهێنراون، ئێستا بە بڕیاری فەرماندەیی دهۆکی پاراستنی ژینگە ئەو کارگە داخراوە".
لەبارەی سزادانی ئەو کەسانەی کە داریان بڕیوەتەوە، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24ی گوت: "هەر کەسێک بێت دەیدەینە دادگا، بەڵام بەداخەوە دەڵێم یاساکانی ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بابەتانە قورس نین، داوا دەکەم یاساکان قورستر بکرێن".