سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدە ستەملێکراوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەینەوە

"هێشتا زام و برینی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشی کیمیاوی هەڵەبجە ساڕێژ نەبووە"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، شەهیدە ستەملێکراوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە تاوانێکی هۆڤانەدا، بوونە قوربانی و هەمیشە لە دەروون و ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتیدا، بە زیندوویی دەمێننەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەگەرچی 35 ساڵ بە سەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەداخەوە، هێشتاش زام و برینی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشی کیمیاوی هەڵەبجە ساڕێژ نەبووە.

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە:

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شەهیدە ستەملێکراوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەینەوە کە لە تاوانێکی هۆڤانەدا، بوونە قوربانی و هەمیشە لە دەروون و ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتیدا، بە زیندوویی دەمێننەوە.

لەم یادە خەمگینەدا، هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ بۆ بە فەرمی پەسەندکردنی پارێزگای هەڵەبجە بەرز دەنرخێنین، کە چەندین ساڵە لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لە سەر دراوە. هەر لەم بۆنە دڵتەزێنەدا ، دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، لە ئاست بەرپرسیاریێتی ئەخلاقی خۆیدا بێت و هەروەک لە دەستووردا هاتووە، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەس و کار و بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و هەموو زیانلێکەوتووان و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە و لە دوا سەردانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەختمان لە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیەی دەستوور کردەوە.

ئەگەرچی 35 ساڵ بە سەر ئەم تاوانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەداخەوە، هێشتاش زام و برینی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشی کیمیاوی هەڵەبجە ساڕێژ نەبووە و ئێش و ئازاری قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، کۆتایی نەهاتووە. بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە، بە تایبەتی حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتری خەڵکی خۆڕاگر و قوربانیدەری هەڵەبجەی شاری شەهیدان و مەڵبەندی ڕووناکبیران و زانا و دانا و عارفە بەناوبانگەکانی کوردستان بکەین و ئاوەدانتری بکەینەوە.

هەروەها جەخت لە سەر حوکمڕانییەکی پاک و بێگەرد دەکەینەوە کە دوور بێت لە دەست تێوەردانی کەسیی و حزبی و ڕێگری لە دام و دەزگاکانی فەرمی حکومەت نەکرێت، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵکی ستەملێکراوی هەڵەبجە بکرێت.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/3/16