عەلی عەلاق: بانکی ناوەندی لەسەر ئاستی داواکارییەکان توانای خستنەڕووی دۆلاری هەیە

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی

K24 - هەولێر:

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە حەوتەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، بانکی ناوەندی دەتوانێت هەستێت بە خستنەڕووی دۆلار لەسەر ئاستێک کە لە ئاستی داواکارییەکاندا بێت.

عەلی عەلاق ئاماژەی بەوەشدا، بانکی ناوەندی ئەركێکی ئیداری گەورەی کەوتووەتە سەر شان، کە ئەویش رێکخستن و  چاودێریکردنی ژمارەکانە و دڵنیابوونەوەیە لە تەندروستی ئاڵوگۆڕەکان، گوتیشی: ملیۆنان دۆلار لەو بەرنامە و دامەزراوانەدا خەرج دەکەین بەمەبەستی ئاسانکردنی کارەکان.

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق راسیگەیاند، هەماهەنگی نەکردنی بەشێك لە بازرگانان و خەڵکی دیکەش، جۆرێک لە کەموکوڕی دروستدەکات لە وەڵامدانەوەی داخوازی پێویست بۆ دۆلار.

لە ماوەی رابردوودا بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، ناجێگرییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بژێوی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووە، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەردەوامن لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار.