عەبادی: ئەگەر بە دوای بەرژەوەندی خۆم کەوتبام مووچەی خەڵکی کوردستانم دەبڕی

K24 – هەولێر

سه‌رۆك وه‌زيران پێشووترى عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو بۆ بەرژەوەندی و کۆکردنەوەی دەنگ کاری نەکردووە، دەڵێت: ئەگەر ئەوەم کردبا مووچەی خەڵکی کوردستانم دەبڕی.

حه‌يده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر و سه‌رۆك وه‌زيران پێشووترى عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە حەوتەمین دیداری سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "پێویستە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی خەڵکدا بێت، نەوت بۆ خەڵکە، ئەگەر ئێمە لەسەر بەرژەوەندی هاووڵاتییان رێککەوین هاووڵاتییان لێمان نزیک دەبنەوە".

گوتیشی: "پێویست ناکات ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا بگاتە ئەو ئاستەی کە مووچەی خەڵک ببڕن، ئەوە سزادانی خەڵکە".

عەبادی ئاماژەی بەوەشکرد: کاتێک کە من سەرۆکوەزیران بووم شاندێک لە هەرێمی کوردستان هاتن و گفتوگۆمان کرد، من گوتم مووچەی خەڵک خەرج دەکەم، ئەوکات ئەگەر بەدوای بەرژەوەندی خۆمدا بگەڕابام و دەنگی خەڵکی عێراقم کۆکردبایەوە رێککەوتنم نەدەکرد و مووچەی خەڵکی کوردستانم نەدەنارد، ئەوکات من سەرۆک وەزیرانی عێراق بووم خۆم بە بەرپرسیار دەزانی لە هەموو عێراق تا کۆتا گوندی کوردستان".

حەیدەر عەبادی، ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە گوێ لە یەکتر بگرین، ئەگەر ئەوە نەکەین هەڵە دەکەین، رژێمەکانی پێشووی وەکو سەدام حوسێن تەنیا گوێیان لە یەک دەنگ دەبوو، خەڵکیان سەرکوت دەکرد و گوێیان بە کێشەی خەڵک دەدات، راستە ئێستا ئێمە کێشەی سیاسیمان هەیە، لە هەمانکاتدا کێشەمان لەسەر پۆست و پشک هەیە".