سه‌رۆكی فیفا باسی بارسێلۆنا و عێراق ده‌كات

ئینفانتینیۆ سه‌رۆكی فیفا ستایشی هه‌وڵه‌كانی عێراق ده‌كات بۆ بۆژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی وه‌رزشی و سه‌ركه‌وتنیان له میوانداریكردنی جامی كه‌نداوی به‌سره. له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه له باره‌ی تۆمه‌تباركرانی بارسێلۆنا به پێدانی به‌رتیل به ناوبژیوانان. ئینفانتینۆ ده‌ڵیت: هه‌موومان مرۆڤین و هه‌ڵه ده‌كه‌ین، ئێمه به وردی شیكاری بۆ رووداوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و كه‌یسه ده‌كه‌ین.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 16 ئاداری 2023، له كیگالی پایته‌ختی رواند‌ا، جیانی ئینفانتینۆ سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان له كۆبوونه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری فیدراسیۆنه‌كانی جیهان ستایشی هه‌وڵه‌كانی عێراقی كرد بۆ رێكخستنی پاڵه‌وانێتییه‌كان له‌م دواییانه‌دا، سه‌رسامی خۆشی به جۆش و خرۆشی هانده‌رانی عێراق ده‌ربڕی.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئینفانتینۆ بۆ چوار ساڵی دیكه به سه‌رۆكی فیفا هه‌ڵبژێردرایه‌وه، كه تێیدا عه‌دنان درجاڵ سه‌رۆكی تۆپی پیی عێراق ئاماده‌نه‌بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاوه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات كه گه‌یشتوونه‌ته یاریی كۆتایی جامی لاوانی ئاسیا، له شوێنی خۆی (ئه‌حمه‌د ئه‌لموسه‌وی) و (محه‌مه‌د فه‌رحان) نارد، یه‌كێكیان ئه‌ندامی فیدراسیۆنه‌كه‌یه و ئه‌ویتریش ئه‌مینداری گشتییه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، له به‌رسیڤێكدا له باره‌ی كه‌یسی تێوه‌گلاندی بارسێلۆنا به كڕینه‌وه‌ی ناوبژیوانان، ئینفانتینۆ سه‌رۆكی فیفا رایگه‌یاند كه ئه‌وان ئاگاداری هه‌موو هه‌ڵبژارده و یانه‌یه‌كی جیهانن، ده‌شڵێت: ئێمه نیگه‌ران ده‌بین ئه‌گه‌ر شتێكی نه‌رێنی و نایاسایی رووبدات، به‌ڵام باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه هه‌موومان مرۆڤین و هه‌ڵه ده‌كه‌ین، به‌ڵام به وردی لێكۆڵینه‌وه بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی بارسێلۆنا ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چی روویداوه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، كریستیان زارۆكا پارێزه‌ر و پسپۆڕی وه‌رزشی له فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ورووپا، رایگه‌یاندووه ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌ی داواكاری گشتی ئیسپانیا بۆ دۆسیه‌ی نێگرێرا. ده‌شڵێت: یوفا ده‌سه‌ڵاتی سه‌پاندنی سزای توندی به‌سه‌ر بارسێلۆنادا هه‌یه ده‌توانێت لانیكه‌م بۆ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز له چامپیۆنزلیگ سڕی بكات، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له بژارده‌كان و له‌سه‌ر مێزی یوفا بوونی هه‌یه.