بوومەلەرزەیەک باشوور و رۆژ‌هەڵاتی کوردستانی هەژاند

K24 - هەولێر:

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر ناوچەکانی باشوور و رۆژ‌هەڵاتی کوردستانی هەژاند.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (16ـی ئادار/مارسی 2023)، ئاسۆ کمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر ناوچەکانی باشوور و رۆژ‌هەڵاتی کوردستانی هەژاند.

پەیامنێری کوردستان24یش رایگەیەند، هاووڵاتییان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەی هەورامــان هەستیانپێکردووە. 

بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی راشیگەیاند، قووڵایی بوومەلەرزەکە 10 کیلۆمەتر بووە.  

هەر لەوبارەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیەند، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 9:32 بە گوڕی 5.1 پلە و بە قۆڵایی 43 کیلۆمەتر ڕوویداوە. راشیگەیاند، "بوومەلەرزەکە لە دوورى 76 کیلۆمەتر لە باشورى ڕۆژهەڵاتى سلێمانى و 13 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتى هەڵەبجە روویداوە"

ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بەگوڕی پێنج پلەی رێختەر شاری خۆی سەربە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا باکووری رۆژئاوای ئێرانی هەژاند.

بەپێی داتاکانی ناوەندی بوومەلەرزەناسیی نیشتمانیی ئێران، کاتژمێر 15:17 خولەک بوومەلەرزەیەک بەگوڕی پێنج پلە شاری خۆی هەژاندووە.

بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 16 کیلۆمەتر لە توێکڵی زەویدا روویداوە.