ئەرمینیا: رەنگە لە قەرەباخ رووبەڕووی جینۆساید ببینەوە
K24 - هەولێر:
حکومەتی ئەرمینیا ترسی ئەوەی هەیە لە قەرەباخ کۆمەڵکوژی (جینۆساید) رووبدات و رەنگە داوای یارمەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بۆ رێگریکردن لە روودانی، وەک رەخنەگرتنێک لە هێزی ئاشتیپارێزانی رووسی کە بە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە.
لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، ئەرمینیا و ئازەربایجان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی شاخاویی قەرەباخ لە قەفقاز دوو شەڕی گەورەیان کردووە، کە مۆسکۆ و رۆژئاوا رۆڵی نێوەندگیرییان بینی بۆ ئەوەی کۆتایی پێبهێنن.
حکومەتی ئەرمینیا باسی لەوەشکرد، گەمارۆی ئازەربایجان بۆ تاکە رێڕەوی وشکانی کە قەرەباخ و ئەرمینیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لەوێ، بەڵام باکۆ ئەمەی رەتکردەوە.
نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە میانی کۆبوونەوەی حکومەتەکەیدا، هۆشداریدا لەوەی "سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی ئازەربایجان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی پاکتاوی نەتەوەیی و جینۆساید لە قەرەباخ".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە هێزەکانی رووسیا گوتی: هێزەکانی ئاشتیپارێزی رووسیا زامنی ئاسایشی دانیشتووانی قەرەباخن و ئەگەر نەیانتوانی ئەو کارە بکەن، دەبێت پەنا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ببەن بۆ رێگریکردن لە جینۆساید.
سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە کە "میکانیزمی نێودەوڵەتی بۆ رێگریکردن لە جینۆساید، لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەستپێبکات".
لەلای خۆیەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی ئاشتیپارێز "ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیکەن ڕێگریکردن لە پەرەسەندن و پاراستنی سەقامگیری لەسەر زەوی".
گوتیشی: رووسیا "هەوڵی جددی" دەدات بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە.