وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی رواندا دەکات

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی رواندا دەکات
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی رواندا دەکات

K24 - هەولێر:

بە مەبەستی دووپاتکردنەوە و بەهێزکردنی پلانی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا، ئەمڕۆ هەینی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی رواندا دەکات.

پار ساڵ لەسەردەمی کابینەکەی بۆریس جۆنسن، بڕیاری ناردنی پەنابەران درا بۆ رواندا، بەڵام بەهۆی رەخنە یاسایی و دەستوەردانی دادگای یەکێتی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا کەس رەوانەی رواندا نەکراوە.

یەکێک لەو پرسانەی کە ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا، ئەمساڵ وەک ئەلەوییەت کاری لەسەر دەکات، وەستاندنی ئەو بەلەمانەیە، کە کۆچبەران دەگوازێنەوە بەریتانیا.

هەفتەی رابردوو، سویلا براڤرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پەردەی لەسەر یاسا نوێکەی کۆچبەران هەڵدایەوە و گوتی: یاساکە بریتییە لە دوورخستنەوەی کۆچبەران بۆ رواندا لە زووترین کاتدا، دوای گەیشتنییان بە کەناراوەکانی بەریتانیا".

هەروەها بە گوێرەی یاسا نوێکەی کۆچبەران، لەکاتی گەیشتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ بەریتانیا لە ٢٨ رۆژی یەکەمدا، بەبێ بێ هیچ جۆرە دادگاییکردنێک، یەکڕاست دەگوازرێنەوە بۆ رواندا.

پلانەکەی بەریتانیا تایبەت بە کۆچبەران، بووەتە جێی رەخنەی ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، لەمبارەیەوە، تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا رایگەیاند، ئەوەی لەگەڵ دۆسییەی کۆچبەرانی نایاسایی دەکرێت، هەڵەیە.

لە میانەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی سکای نییوزی بەریتانی، یاسا نوێکەی کۆچبەرانی نایاسایی، باس لەوەش دەکات، هەرکەسێک مافی پەنابەرێیەتی لە بەریتانیا بەدەست نەهێنێت، رەنگە دواجار رەوانی وڵاتی خۆی بکرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو حکومەتی بەریتانیا بڕیاری ناردنی پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتی رواندا دا تا یەکلابوونەوەی دۆسییەکانیان.