هەسەدە: نۆ شەڕڤانمان بە هۆی کەوتنە خوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر لە سنووری هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر:

هەسەدە راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی دهۆک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نۆ شەڕڤانیان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر لە سنووری هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. دەشڵێت، هێلیکۆپتەرەکان بەهۆی "نالەباری کەشوهەواوە" کەوتووەنەتە خوارەوە. داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات هاوکاربن لەگەڵیان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بەمەبەستی بەخاکسپاردنیان. 

ئەمڕۆ هەینی (15ـی ئادار/مارسی 2023)، هێزەکانی سووریای دیمواکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی دهۆک بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوو هێلیکۆپتەریان بەهۆی نالەباری کەشوهەوا لە سنووری هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە.

وەکو ئەوەی هەسەدە بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی کەتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە، نۆ شەڕڤانیان بەسەرۆکایەتی شەرەڤان کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆر گیانیان لەدەستداوە. 

هەسەدە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات هاوکاربن لەگەڵیان بۆ رادەستکردنەوەی "تەرمی شەهیدەکان" و ڕەوانەکردنیان بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.  

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (16ـی ئادار/مارسی 2023)، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێک لە سنووری دهۆک رایگەیاند: "دوو هێلیکۆپتەر بوونە یەکێکیان کەوتووە و ئەوەی دیکەش رۆشتووە، دەزگاکانی ئەمنی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە".

گوتیشی: "هیچ هێزێکی کوردی لەو جۆرە هێلیکۆپتەرانەی نییە، بەڵام ئەو تەرمانەی لەناویدا بوونە هی چەکدارانەی پەکەکەن، تائێستا ئاشکرا نەکراوە، هێلیکۆپتەرەکە هی کام دەوڵەتە".

پارێزگاری دهۆک، جەختیکردەوە: "چەکدارانی پەکەکە لەناو هێلیکۆپتەرەکەدا بوونە، بەڵام نازانرێت ئەو هێلیکۆپتەرە هی کام وڵات و ویستویانە بۆ کام دەوڵەت بیان بەن".

شەوی چوارشەممە، 15ی ئاداری 2023، کاتژمێر 08:40، هێلیکۆپتەرێک لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.